بەرشەلۆنە چاوی بڕیوەتە هاری كین و پارەیەكی خەیالیشی بۆ ئامادە كردووە

:: PM:02:19:09/12/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە هەوڵ بۆ كڕینی هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی بدات بۆ شوێنگرتنەوەی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی.

سوارێز لە وەتەی لە هاوینی 2014 پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنە كردووە تا ئێستا 162 گۆڵی بۆ یانەكە تۆمار كردووە، ئێستاش لە تەمەنی 32 ساڵیدایە.

رۆژنامەی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنەی پاڵەوانی ئیسپانیا بڕیاریداوە كین بكات بە ئامانجی سەرەكی بۆ بەهێزكردنی هێڵی هێرشبەری تیپەكەی لە داهاتوودا.

یانەكە هەروەها ئامادەیی خۆی پێشانداوە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ بدات بە یانەی تۆتنهام بۆ ئەوەی كین بێنێتە یاریگەی كامپ نووەوە.

كین لەم وەرزەدا و لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا بەشداریی لە 20 یاریی لەگەڵ یانەی تۆتنهام كردووە و توانیویەتی 13 گۆڵ تۆمار بكات، ئەم یاریزانە تەمەن 25 ساڵییە لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا لە كۆی بەشداریكردنی 233 یاریی لەگەڵ یانەكەی لەندەن 153 گۆڵی تۆمار كردووە.

كین كە ماوەیەكی زۆرە ئامانجی سەرەكی یانەی ریال مەدریدی ركابەری سەرسەختی یانەی بەرشەلۆنەیە، گرێبەستێكی ماوە درێژی لەگەڵ یانەی تۆتنهام هەیە كە لە ساڵی 2024 كۆتایی دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م