حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی لە 24ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە ناتەواوی متمانە بە كابینەكەی درا و لەو ساتەوە ئەمڕۆ بۆ چوارەم جار لەسەر یەك و لە ماوەی مانگێكدا هەوڵەكانی پەرلەمان بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی شكستی هێنا، ئەوەیش بەرجەستەی قووڵ ناكۆكییەكانی فراكسیۆنە شیعەكان دەكات، بەڵام ئاخۆ دۆخەكە بە هاوشێوەی ئەوەی لە بەسڕە بەر لە پێكهێنانی حكوومەت رووی دا، دووبارە دەبێتەوە؟.
بەرپرسێك لە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە
"عەرەبی ئەلجەدید"ی رای گەیاند كە نیوەی پەرلەمانتارانی عێراق بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆیان نەكرد و لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان مانەوە، ئەویەش وای كرد نیسابی یاسایی دروست نەبێت و دانیشتنەكە بۆ سێشەمی هەفتەی داهاتوو دوا بخرێت وەك ئومێدێك بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەكی سیاسی، بۆیە پەرلەمان ئێستە بەهۆی تەنگژەی حكوومەتەوە تووشی پەككەوتەیی بووە.
سەرچاوەكە زیاتر گوتی، ئەوانەی ئەمڕۆ بایكۆتیان كرد بریتی بوون لە هاوپەیمانی ئیسڵاح و ئیعمار بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، لەو كاتەی كە چەند فراكسیۆنێكی نزیك لە ئێران لەوانە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆركایەتی نووری مالیكی و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری سووربوون لەسەر پێدانی پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فالح فەیاز، كە ئەوەیش لەلایەن بەرەی بەرانبەرەوە رەت دەكرێتەوە.
كازم شمەری، سەرۆكی فراكسیۆنی وەتەنییە لەو بارەوە گوتی، دانیشتنی ئەمڕۆ شكستی هێنا و بایكۆتكردنێكی فرەوان لەلایەن زۆرێك لە پێكهاتەی سیاسی لەناو پەرلەماندا هەیە و ترسمان هەیە ئەو راستییە بەردەوام بێت كە هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و بمانگەیەنێتە كۆتاییەكی نادیار.
عودەی عەواد لە هاوپەیمانی بینا گوتی، واژووی 100 پەرلەمانتار كۆ كراوبووەوە بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەت لە دانیشتنی ئەمڕۆ، بەڵام نیسابی دانیشتنەكە تەواو نەكرا، زیاتر گوتی، وای دەبینین ئەوەی روودەدات پێچەوانەی رێنوێنییەكانی مەرجەعیەتە و پەنابردن بۆ شكاندنی نیسابی دانیشتن هەڵسوكەوتێكی نادیموكراسییە.
ململانێكانی نێوان سەدر و مالیكی هی ئێستە نییە و ئەوان لەسەر ئاستی كەسی و حزب و بیركردنەوە و زۆر شتیتریش ململانێیان هەیە، سەدر ساڵانی فەرمانڕەوایی حزبی دەعوە و نووری مالیكی بینییە و هەڵمەتەكانی لەدژی سەرایای سەلام لەیاد ناكات، بۆیە كە ئێستە حزبی دەعوە بارەكەی كەوتووەتە لێژی ،سەدر هەموو هەولێك دەدات بۆ قۆزتنەوەی ئەو هەلە و لێدانی گورزێكی كوشندە لە مالیكی و حزبی دەعوە.
ئەمڕۆ
نووری مالیكی لە لێدوانێكی لەو بارەوە و بە زمانێكی توند گوتی، لەبەر ئەوەی ئێمە فراكسیۆنی گەورەین، دەتوانین ئەوەی دەمانەوێت لەناو پەرلەمان تێیپەڕێنین لەو كاندیدانەی دەمانەوێت ببنە وەزیر لە كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی و ئەوەیش دەكەین، دووپاتی كردەوە، ئەوانەی كاندیدكردنی فالح فەیاز رەت دەكەنەوە، وەك سائیروون، ناتوانن رووبەڕووی دەنگدانی حەشدییەكان ببنەوە لەناو پەرلەمان.
لای خۆیەوە سەباح عوگەیلی پرلەمانتاری سائیروون دووپاتی كردەوە كە ئەوان كاندیدكردنی فەیاز و چەند كاندیدێكی تر رەت دەكەنەوە و وریایی لە سووربوونی عەبدولمەهدی و چەند لایەنێك و سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق دا كە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی تەنگژە سیاسییەكە و دەمانخاتە ناو توونێلێكی تاریكەوە.
ئەو هەڵوێستەی سائیروون و هاوپەیمانەكانی دۆخەكەی بۆ بەرەكەی تر شێواندووە كە ئەوان پلانیان هەبوو بۆ تێپەڕاندنی كاندیدانی هەشت وەزارەتە بەتاڵەكە لەوانەیش فالح فەیاز، چونكە دوای وریاكردنەوەكەی پەرلەمانتارێكی سائیروون لە دروستبوونی كاردانەوەی شەقام و سەرانی ئاینی و ئەو پەیامەی فراكسیۆنی سائیروون لەو بارەوە رای گەیاند، ئەگەر ئەو كاندیدانە ئەمڕۆ تێپەڕ بكرێن، پەرلەمان دانیشتنەكەی خۆی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.
هاوپەیمانی سائیروون هەڕەشەی لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد بەوەی ئەگەر بێلایەنی خۆی لەو بارەوە لەدەست بدات و وەك ویستوویانە لە دانیشتنی ئەمڕۆ كتوپڕ ئەو بابەتە بخەنە دەنگدانەوە، بەوەی ئەو كات سائیروون رایدەگەیەنێت كە حەلبووسی هاوپەیمانی لەگەڵ بینا كردووە.
بۆیە پەیامەكەی سائیروون بووە هۆی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان كە وا رێككەوتن كرابوو كە ئەو بابەتە كتوپڕ لە دانیشتنی ئەمڕۆ بخرێتە دەنگدانەوە و كاندیدەكان تێپەڕ بكرێن، بۆیە ئەگەرەكانی گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان هەردوو بەرەی شیعە ئەوەیە كە خۆیان لە گەیشتنی ناكۆكییەكان بۆ شەقام بپارێزن، بۆ ئەوەیش هەریەك لەوان گرەو لەسەر سازشكردنی بەرانبەرەكەیان دەكات، ئەو كارەی پێویستە لە دەرەوەی سنوور رێككخستن و رێككەوتنی بۆ بكرێت، ئەگینا دۆخەكە لەناوەوەی عێراق بە بنبەست گەیشتووە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هاوشێوەی رووداوەكانی بەسڕە بە رێگەوەیە، بەڵام ئەوجارەیان لە بەغدای پایەتەخت كە دەست پێكردنی ئاسانە، بەڵام لە سایەی بوونی حكوومەتێكی لاواز و گرووپی چەكداری بەهێز، كۆنترۆڵكردنی ئەستەم دەبێت.