ئێستە پارتە سیاسییەكانی عێراق لە رێگەی دەسەڵاتیانەوە بەرەو دەستگرتن بەسەر گرنگترین كەرتەكانی ئابووری دەوڵەتدا دەچن، ئەوەیش بە مەبەستی پەیداكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ چالاكییەكانیان، لەوانەیش كەرتی بازرگانی ئۆتۆمبێلی نوێ و بریكارەكانی فرۆشتنیان كە لە بەغدا وەك نموونە، ئەو پارتە سیاسییانە كۆنترۆڵی بریكاری كۆمپانیاكانی كیا و رینۆ و تۆیۆتا و شۆفلێتیان كردووە.
لە بەغدا ژمارەیەك بریكاری فەرمی و راستەوخۆ بۆ
فرۆشتنی ئۆتۆمبیڵی نوێ لە دروستكراوی وڵاتی جیاواز بڵاو بوونەتەوە كە قۆرخی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلە نوێیەكانیان كردووە كە لە وڵاتانی دروستیان دەكەن دێنن و بە بریكارە لاوەكییەكانی دەفرۆشنەوە، بەوەیش پارەیەكی خەیاڵیان دەست دەكەوێت، جیا لە رێگرتن لە بازرگان و كۆمپانیاكانی تر لە هاورەدەكردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە.
بازرگانێك كە لەو بوارەدا كار دەكات و خۆی بە محەمەد جاسم ناساندووە دەڵێت، عەمار حەكیم سەركردەی هاوپەیمانی حیكمەی نیشتیمانی كۆنترۆڵی بریكارییەكانی فرۆشتنی چوار جۆر ئۆتۆمبێل دەكات، ئەوانیش كیا و رینۆ و تۆیۆتا و بەشێكی بریكاری شۆفلێتیش، دووپاتی كردەوە، ئەو توانوویەتی لە رێگەی دەسەڵات و دەسترۆیشتوویەوە، كۆنترۆڵی بریكاری فرۆشتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بكات لە رێگەی ناچاركردنی بریكارە ئەسڵییەكان بە خۆشی یان بە زۆر، بۆیە ئەو بریكارانە سوودی خەیاڵیان هەیە لە رێگەی فرۆشتنی راستەوخۆی ئۆتۆمبێلەكان یان سەپاندنیان بەسەر وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەت.
لای خۆیەوە موخلف عەتا، فەرمانبەر لە ژووری بازرگانی بەغدا دەڵێت، ئەو بریكارانە فەرمین و لە ژوورەكە تۆمار كراون و سەر بە چەند بازرگانێكن لە بەغدا كە بۆ بەرژەوەندی حەكیم كار دەكەن.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەلایەن دامەزراوەكانی حكوومەتی دەكڕدرێن لە كۆمپانیای گشتی بازرگانی ئۆتۆمبێلی سەر بە وەزارەتی بازرگانی دێن، بەڵام سەرچاوەكەیان دیسان لەو بریكارانەیە كە لە عێراق هەن، لەو بارەوە معاز نافع، فەرمانبەرێكی كۆمپانیای رینۆ لە ناوچەی جادرییە لە بەغدا دەڵێت، لەو بریكارییەی ئێمە 400 كەس كار دەكات و سەر بە عەمار حەكیمە و فرۆشیارییەكی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ دامەزراوە حكوومەتییەكان لە رێگەی كۆمپانیای گشتیی بازرگانی ئۆتۆمبێل كە سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراقە.
یووسف مەولا، فەرمانبەر لە بریكاری كۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق دەڵێت، بریكارییەكە ماوەی چوار ساڵە سەر بە عەمار حەكیمە دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆمپانیای تۆیۆتا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بارەگاكەی لە دوبەیە، دووپاتی كردەوە كە فرۆشیارییەكی زۆریان هەیە بەهۆی ناوبانگی باشی كۆمپانیاكە و هەموو ئەو تۆیۆتانەی لە وەزارەت و فەرمانگەكانی حكوومەت هەن سەرچاوەكەی ئەو بریكارەیە.
تەنیا حەكیم و پارتەكەی باڵادەست نین بەسەر بریكاری و فرۆشتنی ئۆتۆمبیڵ لە عێراق، ئەوەتا حزبی دەعوە پشكی خۆی هەیە و سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، نووری مالیكی كۆنترۆڵی دەروازەكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبیڵی ئێرانی لە عێراق دەكات كە ئۆتۆمبیلەكانی سایپا و تەیبە سەمەند و بیجۆ و بریكاری فرۆشتنی كەلوپەلی یەدەگی ئەوان دەگرێتەوە.
باڵادەستیی پارتە سیاسییەكان لە عێراق لە كۆنترۆڵكردنی بریكاری فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكان ناوەستێت، بەڵكو ئەوان وەزارەتەكانی دەوڵەت و فەرمانگەكان ناچار دەكەن بۆ كۆڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان لە رێگەی كۆمكپانیای گشتیی بازرگانی ئۆتۆمبێڵ لە عێراق سەر بە وەزارەتی بازرگانی، رافع هنداوی، راوێژكاری پێشوو لە وەزارەتی پلاندانان لەو بارەوە دەڵێت، خەرجی كڕینی ئۆتۆمبێلەكانی فەرمانگەكانی دەوڵەت و تێچووی چاككردنەوەیان بارگرانییەكی گەورەیە بۆ سەر بودجە.
زیاتر گوتی، زۆرێك لە ئۆتۆمبێلەكانی لە فەرمانگەكانی حكوومەت بەكار دەهێنرێن لە رووی ئابوورییەوە پێویستیان نییە، بەتایبەتی ئۆتۆمبێلی ئێرانی و فڕەنسایی كە مەرجەكانی تۆكمەیی و سەلامەتیان تیادا نییە، جیا لەوەی پارتەكانی دەسەڵاتدار كۆنترۆڵی بریكاری فرۆشتنی ئەو ئەتۆمبێلانەیان كردووە لە رێگەی فرۆشتنی راستەوخۆ و فرۆشتنی بە قیست لە رێگەی بانكەكانەوە لە بەرانبەر سوودی دەگاتە 7%.
زۆرێك لە شرۆڤەكاران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كە قۆرخكردنی بریكاری فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە عێراق لەلایەن چەند پارتێكی سیاسییەوە زیانی بە بازرگانانی ئۆتۆمبیل بە گشتی گەیاندووە، سەمیر زیاب، شرۆڤەكاری ئابووری لەو بارەوە دەڵێت، دەسەڵاتی گەورەی پارتەكەی عەمار حەكیم لە پشتەوەی بریاری حكوومەت بوو بە رێگرتن لە هەناردنی ئۆتۆمبێلی بەكارهاتوو بۆ ناو عێراق، ئەوەیش بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە نوێیەكانی. كە بڕیارەكە لە یەكی ئەیلوولی رابردوو جێبەجێ كرا و بازرگانانی ئۆتۆمبێل زیانی گەورەیان كرد.
لای خۆیەوە رەمزی غەندوور، بازرگانی ئۆتۆمبێل چەند لایەنێكی حزبی تۆمەتبار كرد بە وەستان لە پشتەوەی بڕیاری هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی بەكارهاتووی ئەمەریكایی لە پێناو فرۆشتنی زیاتری ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان.