وەسیەتی مام جەلال كێشەیەكی تر دەخاتە ناو یەكێتی

:: AM:09:31:10/12/2018 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی چەندان وتار بەناوی كەسایەتی نزیك لە جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، ئێستە ئەو حزبە كێشەیەكی تری تێكەوتووە و ئاشكرا دەكرێت، جەلال تاڵەبانی هیچ وەسیەتێكی جێنەهێشتووە.

ئەمڕۆ دووشەم 10ـی كانوونی یەكەم، شانازی ئیبراهیم لە وتارێكی بۆ وەڵامدانەوەی بۆ ئەو كەسانەی جەلال تاڵەبانییان بە ئەسەدی ناساندبوو نووسیویەتی، جەلال تاڵەبانی هیچ وەسیەتنامەیەكی بەجێنەهێشتووە و هەرگیز ئامادەكاری بۆ جێهێشتنی دنیا نەكردبوو.
 
ئاماژەی داوە، چۆن لەم دنیا پان و بەرین و پڕ لە نموونەیەدا (ئەسەد)ی هاوڕێی وەك نموونە بۆ میراتگری حوكمڕانیی بنەماڵەیی دەهێنێتەوە؟ چۆن پاش ئەو تەمەنە و ئەو هەموو كۆشش و ماندووبوون و هەوڵدانەی بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكان، ئا بەو شێوەیە دەنووسێت.

خوشكەكەی هێرۆ ئەوەیشی نووسیوە، لە كەس شاراوە نییە كە كێ لە پشت نووسینی ئەو وتارەوەیە، چونكە بە تایپكراویش دەستوخەتی دەناسمەوە و دەشزانم مەبەست لە بڵاوكردنەوەی چییە؟ بەڵام ئەو برادەرە وەك نەریتی لێ كردووە، هەر جارە و جۆرێك لە سیناریۆ دەهۆنێتەوە و وەك حەقیقەتی سەلمێنراو پێمان دەفرۆشێت.

ئەو وەڵامدانەوەیەی شاناز لە كاتێكدایە پێشتر ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كردبوو كە بنەماڵەی تاڵەبانی لە بنەچەدا لە بنەماڵەی ئەسەديی سووریان.

لە دوو هەفتەی ڕابردوویش چەندان وەسیەتنامەی جەلال تاڵەبانی لەلایەن كەسانی ناو یەكێتی بڵاو كرایەوە كە جەلال تاڵەبانی داوای كردووە بگەڕێنەوە بۆ ئۆتۆنۆمی لە عێراق.



وشە - رامیار جەواد