رۆناڵدۆ داوا لە میسی دەكات بۆ ركابەریكردنی بێتە ئیتاڵیا

:: PM:01:03:10/12/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و هێرشبەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی پەیامێكی ئاراستەی ركابەرە سەرسەختەكەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كرد.

رۆناڵدۆ هاوینی رابردوو ریزی یانەی ریال مەدریدی جێهێشت و بە 117 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە خولی ئیتاڵیا و یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد دوای ئەوەی بۆ ماوەی 9 ساڵ لە خولی ئیسپانیا ركابەری سەرسەختی میسی دەكرد.

رۆناڵدۆ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (لاگازێتا دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی رایگەیاند: من غەریبی میسی ناكام، رەنگە ئەو غەریبی من بكات، من لە خولەكانی ئینگلتەڕا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و پورتوگال یاریم كردووە، بەڵام ئەو هێشتا لە خولی ئیسپانیایە.

زیاتر گوتی: رەنگە ئەو ئێستا پێویستی بە من بێت، من هەمیشە لە ژیاندا حەز بە ركابەری دەكەم و حەزیش دەكەم هاندەران و خەڵك بەشێوەیەكی گشتی دڵخۆش بكەم.

رۆناڵدۆ هەروەها رایگەیاند: ئاواتەخوازم رۆژێك لە رۆژان میسی بێتە ئیتاڵیا و وەك من دەست بە ركابەرییەكی نوێ بكات، بەڵام ئەگەر لە ئیسپانیا دڵخۆش بێت رێزی لە بڕیاری مانەوەی دەگرم.

لە كۆتاییدا مووشەكەكەی مادێرا رایگەیاند: میسی یاریزانێكی نموونەیی و مرۆڤێكی باشە، وەك خۆم ئێستا لە ئیتاڵیا ژیانێكی نوێم دەست پێ كردووە و دڵخۆشم و هیچ شتێكیش نییە بەهۆیەوە غەریبی ئیسپانیا بكەم.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م