هه‌رچه‌نده له لایه‌ن په‌روه‌رده‌ی سلێمانی فرۆشتنی چیپس له حانووتی قوتابخانه‌كان ڕێگه‌پێدراو نییه، به‌ڵام به‌شێك له حانووته‌كان پابه‌ند نابن و ده‌یفرۆشن، په‌روه‌رده‌ش ده‌ڵێ سزای ئه‌وانه ئه‌ده‌ین سه‌رپێچی ده‌كه‌ن و به‌شێك له‌و چیپسانه به‌پێی ڕێنمایی پزیشكی ژه‌هراوین.
به‌كر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م به وشه‌ی راگه‌یاند, به‌پێی ڕێنمایه‌كانی په‌روه‌رده، فرۆشتنی چیپسك له قوتابخانه‌كان ڕێگه‌پێدراو نییه، ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ی حانووته‌كانیان گرتووه، رێنماییان پێ دراوه و هه‌ر خواردنێك رێگه‌ی پێ نه‌درابێت نابێ بیفرۆشن.
ڕێبوار مه‌جید، مامۆستا له یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی ناو شاری سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، جۆره چیپسێك هه‌یه كه له قوتابخانه‌كان ده‌فرۆشرێت، ناوه‌كه‌ی پیسه و مه‌ترسیداره بۆ خواردن، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر قوتابخانه‌كان رێگه به فرۆشتنی نه‌ده‌ن، تا له لایه‌ن قوتابییه‌كانه‌وه به‌كار نه‌هێنرێت و تووشی نه‌خۆشی بن.
چیپسی هۆم، جۆرێكی چیپسه كه ده‌فرۆشرێت وه‌ك له وێنه‌كه‌دا دیاره ناوه‌كه‌ی ڕه‌شبووه‌ته‌وه و له قوتابخانه‌كانیش به‌و شێوه‌یه ده‌فرۆشرێت.
به‌پێی زانیاریی پیسپۆڕانی پزیشكی، یه‌كێك له مه‌ترسییه‌كانی چیپس، سووركردنه‌وه‌یه‌تی به ڕۆنی به‌سه‌رچوو، ئه‌مه‌ش ژه‌هراوی ده‌كات و زۆر جار ڕه‌ش ده‌بێته‌وه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی