لافاو زیانی شەش ملیار دینار لە بناری قەندیل دەدات

:: PM:04:27:10/12/2018 ‌

سەرەڕای ئەوەی زستانان وەرزی چنینەوەی بەرهەم نییە، بەڵام لافاوی بارانە بە خوڕەكەی ماوەی مانگی رابردوو زیانی شەش ملیار دینار لە گوندەكانی بناری قەندیل دەدات. گوندنشنێك دەڵێ، كاری شەش ساڵی رابردووی بووە قوربانی شەش رۆژ باران، بەڕێوەبەری شارۆكەی پشدەریش دەڵێ، زیانەكان بە شەش ملیار دینار خەملێنراوە و زیاتر لە 50%ی داهاتی بناری قەندیل لەناو چووە.

لە ماوەی مانگی رابردوو تا ئێستە، هەرێمی كوردستان بە تایبەت و عێراق بە گشتی رووبەڕووی شەپۆڵێكی بەردەوامی باران بارینی بە خوڕ بووەتەوە بەهۆیەوە لە چەندان ناوچە لافاو هەڵساوە و زیانی گیانی و مادی بەدوای خۆیدا هێناوە. گوندەكانی بناری قەندیل بەهۆی ئەو بارانەوە زیانێكی زۆریان بەركەوتووە و بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەر دەڵێ، لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە و قەبارەی زیانەكەیش بە شەش ملیار دینار خەملێنراوە.

عەلی وسوو هاووڵاتیی گوندی زەنگەڵانە كە یەكێكە لەو 65 گوندەی سنووری كارگێڕی شارەدێی سەنگەسەری سەر بە ئیدارەی راپەڕین، وەك هەر هاووڵاتییەكی تری گوندەكە لە وەرزی زستان دەگەڕێنەوە ناو شار و لە بەهار و هاوین و پاییزیشدا بۆ چنینەوەی بەرهەمی كشتوكاڵ و رەزگەری و مەڕ و ماڵات دەگەڕێنەوە گوندەكانیان.

ئەو دەڵێ، ئەوەی بە شەش ساڵ پێكەوەیان ناوە، بەهۆی ئەو لافاوەی دەرئەنجامی بارانی بە خوڕی شەش رۆژ بەسەر یەكەوە، هەمووی لەناو چووە و لافاوەكە كە گوندی زەنگەڵانەشی گرتووەتەوە، زیانێكی زۆری پێ گەیاندوون.

 "لەناو بەستی یەكێك لە رووبارە وەرزییەكان كە چەند ساڵێكە وشكی كردووە و ئاوی پێدا نایەت، هۆڵ و تەوێڵەیەكەم بۆ مەڕ و ماڵاتەكەم دروست كرد بوو، بەڵام بارانە بە خوڕەكەی ئەمساڵ كە لافاوی بە دوای خۆیدا هێنا و رووبارە وەرزییەكەشی گرتەوە و ئاوێكی زۆری پێدا هاتە خوار، هۆڵ و تەوێڵەكەی لێ تێكدام، كە بەرهەمی شەش ساڵ كار كردنم بوو". عەلی وسوو وا دەڵێ.  ئەوەشی خستەڕوو زیانی 100 سەر ئاژەڵ و بینا كردنی هۆڵ و تەوێڵەكەی كردووە.

یەكێكی تر لە گوندنشینانی سنووری گوندی زینی وەرتێ باس لەوە دەكات بەهۆی بەخوڕی باران ماڵەكەیان كە كەوتووەتە دۆڵاییەوە، چۆڵ كردووە و شەو تا بەیان لەناو ئۆتۆمبێل بوونە لە دەرەوەی گوندەكە لە ترسی كەوتن و رووخانی خانووەكەیان.

عەزیز عومەر كاوڵی كە قسەی بۆ "وشە" كردووە، گوتی "گوندەكەی ئێمە بەهۆی شەڕ و بۆردمانەوە تەنیا سێ خانەوادەی تێدا ماوەتەوە، رۆژی هەشتی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، بەهۆی لێزمەی باران و ترس لە كەوتنی بنمیچی خانووەكەمان، هەم گوندمان چۆڵ كرد و هەمیش لە شوێنێكی بەرزی دەشتیاییدا شەو لەناو ئۆتۆمبێل بووین تا بەیان، ئەگەرچی ناوچەكە هەمیشە مەترسی بۆردومانی لەسەرە بەهۆی هەبوونی پەكەكە".

ئەو گوندنیشینە باس لە بەیانییەكەی دەكات كە گەڕاوەتەوە، دەڵێ كاتێك گەڕاینەوە بە بەرزی مەترێك ئاو چوو بووە ناو ماڵەكانیان.

بەكر بایز بەڕێوەبەری شارۆكەی پشدەر پشتڕاستی قسەكانی ئەو گوندنشینە دەكاتەوە و دەڵێ، هەرچی رەز و باخ هەبووە كە لە ساڵی 1992ەوە لەسەر رووبارە، بەهۆی لێزمە و خوڕی باران و زیندوو بوونەوەی رووبارەكە كە لە هەندێك شوێن بەرزیەكەی گەیشتبووە 10 مەتر، هەمووی لەناو چووە.

سنووری شارۆكەی پشدەر كە سەر بە ئیدارەی راپەڕینە كە ئیدارەیەكی سەربەخۆیە و راستەوخۆ بە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیران بەستراوەتەوە، زیاتر لە 193 گوندی لێیە كە دابەشی سەر شارەدێیەكانی سەنگەسەر، ژاراوە، هێرۆ و هەڵشوو دەبن.

زیانەكان بە شەش ملیار دینار دەخەملێندرێن
ئیدارەی شارۆكەی پشدەر بە هاوكاری ئیدارەی راپەڕین لیژنەی لێكۆڵینەوە و خەملاندنی زیانەكانیان پێكهێنا و سەردانی قرناقەو، بڕە دێ، بەرفڕان، باراوە كە زیانی زۆر زۆریان بەركەوتووە، هاوكات سەردانی گوندەكانی دەروكۆت و ئاشوران و زەنگەڵان و چەند گوندێكی تریش كردووە كە بەشێك لە خەڵكی گوندەكە زیانیان بەركەوتووە، بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەكەش بێت زیانە مادییەكان بە شەش ملیار دینار خەملێنراوە.

بەكر بایز بەڕێوەبەری شارۆكەی پشدەر كە قسەی بۆ "وشە" كردووە، دەڵێ دیارترین زیان جگە لەوەی بەر ئەو رەز و باخانەی قەراخ رووبارە وەرزییەكان چانرا بوون، ئەوا زیانی زۆر گەورە بە رێگاو بانی ناوچەكە گەیشتووە و بەهۆیەوە گوندی بڕە دێ، باراوە، سوەگوڵە بە تەواوەتی رووخاون و داتەپیوون، جگە لە پردی شەهیدان كە دەڤەری پشدەر و ئیدارەی راپەڕین بە دەڤەری باڵەكایەتی و سۆران دەبەستێتەوە، زیانی بەركەوتووە و بەهۆیەوە هاتوچۆ پەكی كەوتووە، ئەوا زیانی زۆر بە پردی سەنگەسەریش كەوتووە.

هاوكات دوو قوتابخانە بە تەواوەتی زیانیان بەركەوتووە و ئێستە لە كابینەی گەشتیاریدا مامۆستاكان وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە، لە زۆرینەی گوندەكان قوتابخانە و بنكە تەندروستییەكان زیانیان بەركەوتووە، بەشی زۆری گوندەكانیش پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوەیان زیانی بەركەوتووە و لە هەندێك گوند بە تەواوەتی پەكی كەوتووە، پێوەند بە كارەبای ناوچەكەش، بە هەمان شێوە بەهۆی كەوتنی دارتەلێكی زۆر كارەبای ناوچەكە كێشەی تێكەوتووە و ئێستە زۆرێك لە گوندەكان بێ كارەبان.

جگە لە زیانە گشتییەكان، بەڕێوەبەری شارۆكەی پشدەر باسی لە پڕۆژەی بەخێوكردن و بە بازاڕ كردنی ماسی سەلەمون كرد، كە بەهۆی لافاوەوە بە تەواوەتی لە ناو چووە كە زیاتر لە 50 هەزار پەنجە ماسی و ماسی ئامادەی تێدا بووە كە بخرێتە بازاڕ.

بەكر بایز لە بارەی پڕۆژەكە دەڵێ، تاكە پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی سەلەمون بوو لە ئاستی عێراق كە ئەندازیاری ئێرانی سەرپەرشتیان دەكرد، بە لەناو چوونی خاوەنی پڕۆژەكە زیاتر لە 40 هەزار دۆلار زیانی كردووە، ئەمە جگە لە زیانی ئامێرەكان و تێكچوونی حەوزەكان.

"وشە" كە قسەی لەگەڵ بەكر بایز بەڕێوەبەری شارۆكەی پشدەر و نەهرۆ عەبدوڵا بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگەسەر كردووە، بەهۆی ئەوەی بەشی زۆری زیانەكان بەر گوندەكانی سنووری سەنگەسەر كەوتووە. ئەوان دەڵێن راپۆرتەكەیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ناردووە، لەگەڵ نووسینگەی پەرلەمانی عێراقی پارێزگای سلێمانییش دانیشتوون و راپۆرتەكەیان پێداون.

ساڵانە لە بودجەی گشتی عێراق لە بەشی خەرجییە سەروەرییەكان بڕێك پارە بۆ باری تەنگەتاوی و فریاگوزاری خێرا دەستنیشان دەكرێت، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی لافاوەكە بەشێكی زۆر عێراقی گرتەوە بەتایبەت شەرگات، پرسی قەرەبووی زیانلێكەوتووانی لافاوەكە بووە تەوەری یەكێك لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق.

پەرلەمانتارانی كورد، داواكاری قەربوو كردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی سنووری ئیدارەی راپەڕین بە گشتی و شارۆكەی پشدەر بە تایبەت، لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ پەرلەمانی عێراق و بڕیاروایە هاوشانی ناوچەكانی تری عێراق قەرەبوو بكرێنەوە.

بەكر بایز دەڵێ، لەسەر ئاستی عێراق هەوڵیان داوە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش لە هەوڵەكان بەردەوامین بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت نۆژەن كردنەوەی قوتابخانەكان و بنكە تەندروستییەكان و رێگا و بان و چاك كردنەوەی كارەبای ناوچەكە و پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە كە بە قسەی خۆی، لە تەواوی ئەو سێكتەرانە كار كردن تێیاندا بەردەوامە.

بناری قەندیل و دەشتیاییەكانی ناوچەكە كە بەناوبانگە بە چاندنی دانەوێڵەی گەنم و جۆ، رەزگەری و بەربوومی ئاژەڵی وەك هەر ناوچە و دەشتیاییەكی تری كوردستان، بەڕێوەبەری شارۆكەی پشدەر دەڵێ ساڵی داهاتوو بەرهەمی بناری قەندیل زیاتر لە 50%ی كەم دەكات، ئەگەریش خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان نۆژەن نەكرێتەوە و قەرەبووی زیان لێكەوتووانی ناوچەكە نەكرێتەوە ئەوا زیان دوور مەوداكە لەسەر بەرهەمەكانی بناری قەندیل بەردەوامی دەبێت  كە ئەمە هەڕەشەیەكی تر دەبێت هاوشانی هەڕەشەی بۆردومانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكە.

وشە/ ڕاپۆرتی- فەرمان سادق و رامیار جەواد



وشە - فه‌رمان سادق