له‌ زاخۆ هاووڵاتییه‌ك ئامۆزاكه‌ى كوشت

:: PM:05:48:10/12/2018 ‌
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ شارۆكه‌ى زاخۆ هاووڵاتییه‌ك ئامۆزاى خۆى كوشت و پۆلیسى پارێزگاى دهۆكیش ڕاى گه‌یاند، بكوژه‌كه‌ گیراوه‌.

شایه‌تحاڵێكى ڕووداوه‌كه‌ به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، دوو هاووڵاتیى كه‌ ئاموزاى یه‌كتربوون له‌ سه‌نته‌رى شارۆكه‌ى زاخۆ به‌ شه‌ڕ هاتن، دواتر یه‌كێك له‌و دوو هاووڵاتییه‌ ئه‌وى ترى كوشت.

زیاتر گوتى، كوژراوه‌كه‌ ته‌مه‌نى 35 ساڵه‌ و بكوژه‌كه‌یش ته‌مه‌نى 30 ساڵه‌، به‌ڵام هۆكارى ڕووداوه‌كه‌ تا ئێسته‌ ڕوون نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ هێمن سلێمان به‌رپرسى راگه‌یاندنى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى دهۆك وێڕاى پشتراستكردنه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كه‌ به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ كوژراوه‌ ناوى (م.م.ع) و خه‌ڵكى زاخۆیه‌ و  بكوژه‌كه‌یش به‌ هه‌مانشێوه‌ خه‌ڵكى زاخۆیه‌ و ده‌بێته‌ ئاموزاى كوژراوه‌كه‌.

ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ بكوژه‌كه‌ خۆى راده‌ستى پۆلیس كردووه‌ و به‌پێى ماده‌ى 406ى یاسایى سزایى عێراق ده‌ست به‌ لێكوڵینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ كراوه‌.

ئه‌م ساڵ له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك نزیكه‌ى 35 كه‌س كوژارون و خۆیان كوشتووه‌، تا ئێسته‌ هۆكارى به‌شێك له‌ رووداوه‌كان نه‌زانراوه‌.

زاخۆ/ نه‌وزاد هلۆرى


وشە - سه‌رخێڵ هاشم