پڕۆژه‌ى ستى پاس له هه‌ولێر به‌هۆى ڕێگرییه‌كانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى كێشه‌ى بۆ دروست بووه، ئه‌مڕۆیش له كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیى خاوه‌نى كۆمپانیاى جێبه‌جێكارى پڕۆژه‌كه نهێنییه‌كانى ئاشكرا كرد ئه‌وه‌یش دواى ئه‌وه له ژماره‌ى ڕابردووى هه‌فته‌نامه‌ى "وشه" ڕێگرییه‌كانى شاره‌وانى له‌و پڕۆژه‌یه بڵاو كرایه‌وه.
پڕۆژه‌ی ستی پاسی هه‌ولێر، یه‌كێكه له ناوازه‌ترین پڕۆژه‌كانی گواستنه‌وه له‌سه‌ر ئاستی عێراق، به جۆرێك به ته‌واوبوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه، چیتر به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت بۆ ناو شار سوودی نامێنێ و كات و شوێنی گواستنه‌وه‌ی 24 سه‌عاتی بۆ هه‌ولێرییه‌كان دابین ده‌كرێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و به‌رپرسانی شاره‌وانیی هه‌ولێر، رێگری لێ ده‌كرێت و كێشه بۆ پڕۆژه‌كه دروست ده‌كرێت.
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا یه‌كێكه له سه‌رمایه‌دارانی هه‌ولێر، له ساڵی 2011ـه‌وه پێشنیاری دروستكردنی پڕۆژه‌ی میترۆی بۆ هه‌ولێر كرد، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، به كۆمه‌ڵێك هۆكار ئه‌و پڕۆژه نه‌چووه بواری جێبه‌جێكردن. دواتر له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حكوومه‌ته‌وه مۆڵه‌تی پڕۆژه‌یه‌كی تری پێ درا و دوای ته‌واوبوونی سه‌رجه‌م كاره‌كانی، ئێسته وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و به‌رپرسانی شاره‌وانی هه‌ولێر كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كه‌ن.
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌م 10ى كانوونى یه‌كه‌م، محه‌مه‌د عه‌بدوڵا خاوه‌نی كۆمپانیای "باند" بۆ وه‌به‌رهێنان كه بڕیاره پڕۆژه‌ی ستی پاسی هه‌ولێر جێبه‌جێ بكات له كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ڕاى گه‌یاند، پڕۆژه‌كه له ساڵی 2010 بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، كۆمپانیایه‌كی ئیتاڵی به یه‌ك ملیار دینار دیزاینی بۆ كردووه. سوودێكی زۆری ده‌بێت، 50%ی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و قه‌ره‌باڵغی ناو شار كه‌م ده‌كاته‌وه، جگه له‌وه‌یش زیاتر له هه‌شت هه‌زار هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێ.
پڕۆژه‌ی دروستكردنی "ستی پاس"ـی هه‌ولێر به‌شی زۆری ڕێكاره‌كانی تێپه‌ڕاندووه و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قبوڵیان بۆ كردووه ئێسته ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن كۆمپانیایی "باند" كاره‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چووه‌ته بواری جێیه‌جێكردن ئه‌وه‌یش به‌كڕنی پاسی پێشكه‌وتوه به بڕی 33 ملیۆن یۆرۆ.
به‌رێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى پڕۆژه‌كه ده‌ڵێت، پڕۆژه‌ی ستی پاس پێنج هێڵه و هه‌موو ناو شاری هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه، هێڵی سوور له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌ست پێ ده‌كات تا گه‌ڕه‌كی رۆشنبیری و هێڵی سه‌وز له كه‌سنه‌زانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا نه‌خۆشخانه‌ی رۆژئاوا و هێڵی شین له گه‌ڕه‌كی شۆڕش- ده‌واجن ده‌ست پێ ده‌كات تا گۆڕستانی كارگه‌ی قیر، هێڵی زه‌رد له شه‌قامی بنه‌سڵاوه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا شه‌قامی مووسڵ و هێڵی قاوه‌یی هه‌موو شه‌قامی 100 مه‌تری ده‌گرێته‌وه.
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا گوتى، دوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی، گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ دوو كۆمپانیای بیانی كردووه بۆ دابینكردنی پاس و بڕی 33 ملیۆن و 600 هه‌زار یۆرۆ به‌های گرێبه‌سته‌كه بووه، به‌ڵام ئێسته‌یش كێشه بۆ پڕۆژه‌كه دروست ده‌كرێت، له كاتێكدا بۆ هه‌ر 10 ڕۆژ له دواكه‌وتنی كاره‌كانی پرۆژه‌كه، ده‌بێت من بڕی هه‌زار و 800 دۆلار وه‌ك سزا بده‌م.
" به‌رپرسانی شاره‌وانی به بیانووی جیاواز جیاواز ڕێگری ده‌كه‌ن و به‌نیازن پڕۆژه‌كه بده‌ن به كۆمپانیاییه‌كی لبنانی تاكه‌سانی بیانی بێنن بیخه‌نه سه‌ركار له كاتێك ئه‌و پڕۆژه به ته‌واو بوونی ته‌نیا خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌یانتوانی كاری تێدا بكه‌ن" خاوه‌نى پڕۆژه‌كه واى گوت.
خاوه‌نی پرۆژه‌كه رێگرییه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و پرۆژه‌یه باس ده‌كات كه ده‌یان ساڵه به‌رپرسانی هه‌ولێر وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی ناوازه و ده‌گمه‌ن باسی لێوه ده‌كه‌ن و دواتر كپ ده‌بێته‌وه. به‌گوته‌ی محه‌مه‌د عه‌بدوڵا "ئێسته هه‌ریه‌ك له نه‌ورۆز مه‌ولوود وه‌زیری شاره‌وانی و سامان محه‌مه‌د به‌بێ هۆ كێشه بۆ پڕۆژه‌كه دروست ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌ریشم له‌سه‌ر دانابێت، ئه‌و پڕۆژه‌یه جێبه‌جێ ده‌كه‌م".
له‌كۆتاى قسه‌كانیدا بى ئومێدى خۆى پێشاندا له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وكاره و گوتى، داوا ده‌كه‌ین سه‌رۆك بارزانى بێته سه‌ر هێڵ بۆ ئه‌و ئه‌وه‌ى ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه نه‌وه‌ستێنرێت.
سیسته‌می هاتوچۆ و ئه‌ندازه‌ی مروری له هه‌ولێر یه‌كێكه له جه‌نجاڵترین و ناڕێكترین بواره‌كانی رێكخستنی شار، ده‌یان ساڵیشه به‌رپرسانی ئه‌و شاره باس له دانانی میترۆ و سیسته‌می پاس ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ده‌گوترا دیزاینیش كراوه، به‌ڵام هیچی نه‌گه‌یشته ئه‌نجام. به‌ڵام ئێسته خاوه‌نی پرۆژه‌ی سیتی پاس كه پرۆژه‌كه‌ی نزیككردووه‌ته‌وه له ته‌واو بوون، به‌گوته‌ی خۆی "شاره‌وانی رێگری لێ ده‌كات".