ئاستی ئاوی بەنداوەكانی كوردستان چەندان مەتر زیادی كردووە

:: PM:09:06:10/12/2018 ‌
لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی كە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە ڕێژەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و دۆكان دوو مەتر بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی كانونی یەكەم/ دیسێمبەر، عەبدوڵڕەحمان عەلی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە "وشە" ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا ڕێژەیەكی زۆر باران كە دەگاتە 200 ملم باران لە ناوچەكە باریووە و بەهۆیەوە ڕێژەیەكی زۆر ئاو هاتووەتە ناو بەنداوەكە و ئاستی ئاوی بەنداوەكەی بەرزكردووەتەوە.

زیاتر گوتی، بەهۆی ئەو بارانەی كە باریووە دوو مەتر و نیو ئاو زیادی كردووە، ئێستە كۆی گشتی ئاو لە بەنداوەكە دەگاتە یەك ملیار و 80 ملیۆن مەتر سێجا.
 
لای خۆیەوە محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری بەنداوی دۆكان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاستی ئاو لە بەنداوی دۆكان ئەمڕۆ 494 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، كۆی ئەو ئاوەی بەهۆی بارانەوە هاتووەتە ناو بەنداوەكە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە یەك مەتر و نیو بووە.

ڕوونیشی كردەوە كە  ئێستە كۆی ئاوی گلدراوە لە ناو بەنداوەكە دوو ملیار و 900 ملیۆن مەتر سێجایە، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر بووە، بەو پێیەی ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ 49 ملم باران باریبوو، لە كاتێدا تەنیا لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا نزیكەی 250 ملم باران باریوە.

هەر یەكە لە بەنداوی دۆكان توانای گرتنی زیاتر لە شەش ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بەنداوی دەربەندیخانیش توانای گرتنی سێ‌ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم