زانیاری لەسەر كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەكرێت

:: PM:09:48:10/12/2018 ‌
بڕیارە سبەی سێشەم 11ی كانوونی یەكەم، لە هەولێر شاندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان كۆببنەوە.

ئەو كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی سەرەتای دەست پێ كردنی گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكانە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان، چونكە پێشتر پارتی لە سلێمانی سەردانی هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕانی كردبوو.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی كانوونی یەكەم، سەرچاوەیەكی بەرپرس كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە بە "وشە"ی گوت، سبەی پارتی و یەكێتی لە هەولێر كۆ دەبنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەكە لای بوو، دۆخی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پرسی پارێزگای كەركووك و كاری داهاتووی هەردوولا لە بەغدا تاوتوێ دەكرێن.

بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆبوونەوە لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەنجام بدرێت، بەڵام سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕای گەیاند، بەهۆی چەند كارێكی ئەندامانی شاندەكان كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دوا خراوە.

پێشتر مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاندبوو، هەریەك لە ئازاد بەرواری و هۆشیار زێباری و هێمن هەورامی و جەعفەر ئیمنیكی و مەحموود محەمەد و فرسەت سۆفی لەو لیژنەیەدان كە سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكەن بۆ گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

ئاشكرای كردبوو، ئەو لیژنەیە بۆ قۆناغی سەرەتای دانوستانەكان و هەركات پێویست بكات گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، ئەندامی تری بۆ زیاد دەكرێت و لیژنەیەكی تریش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێك دەهێنرێت.

پێشتر شاندێكی پارتی لە سلێمانی سەردانی گۆڕان و یەكێتی كردبوو، بەڵام دوای كاندیدكردنی مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كوردستان گفتوگۆكان گەرمتر بوون و پێ دەچێت لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو تەواوی پرسەكان لە نێوان حزبەكان یەكلا بكرێنەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم