زامدار ئه‌حمه‌د
عادیله، كچی عه‌بدولقادر به‌گی كوڕی حه‌مید به‌گی كوڕی مه‌حموود به‌گی كوڕی ئه‌حمه‌د به‌گی ساحێبقڕانه. یه‌كێكه له كه‌سایه‌تییه دیار و ناسراوه‌كانی كوردستان، له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌هۆی تێكه‌ڵاویی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سه سیاسییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مدا، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی تری ناوچه‌كه و ئینگلیزیش، ژنێكی هه‌ڵكه‌وتوو و به‌رچاو بووه. به‌هۆی رۆڵه گرنگه‌كه‌ی، خاوه‌نی بڕیاڕ و كه‌سایه‌تی خۆی بووه، ته‌نانه‌ت له دوای مردنی وه‌سمان پاشای هاوژینی ده‌بێته سه‌رۆك عه‌شیره‌تی جاف.
عادیله، ساڵی ١8٥٨ له شاری سنه/ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایك بووه، هه‌ڵبه‌ت تا ئێسته توێژه‌ران و لێكۆڵه‌ره‌وان له‌سه‌ر بنه‌چه و ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌م ژنه یه‌ك بۆچوون نین، زیاتر دوو بۆچوون ده‌خرێته ڕوو، بۆچوونێكیان بڕوای وایه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌رده‌ڵانییه و بنه‌چه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌رده‌ڵانییه‌كان له سنه. به‌شه‌كه‌ی تر بڕوایان وایه ساحێبقڕانییه، كاتی خۆی به‌هۆی نه‌مانی میرنشینی بابانه‌وه له شاری سلێمانییه‌وه به‌ره‌و سنه ڕۆیشتوون.
هه‌ریه‌ك له مێجه‌رسۆن و محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ ١٨٨٠-١٩٤٨، له نووسینه‌كانیاندا ئه‌و زانیارییانه‌یان داوه. هه‌ڵبه‌ت هه‌ریه‌كه‌یان به‌هێنانه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك قسه ده‌كه‌ن، هه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی بنه‌چه‌ی له بنه‌ماڵه‌ی دایكیه‌وه و هه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یی له‌سه‌ری باوكیه‌وه.
بنه‌ماڵه‌ی عادیله له دوای نه‌مانی میرنشینی بابان و هاتنی تورك، له سلێمانییه‌وه به‌ره‌و سنه ده‌ڕۆن و له‌وێ ده‌گیرسێنه‌وه، تا ساڵی ١٨٧٥ كه عادیله ده‌چێته ناو ژیانی هاوبه‌شییه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌سمان پاشای جاف ١٩٤٧-١٩٠٩، ئه‌وسا به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه ده‌ڕوات و ده‌بێته كه‌سایه‌تیی به‌رچاو و یه‌كه‌می ناوچه‌كه.
سه‌رگوزه‌شته‌ی هاوسه‌رگیریی عادیله و وه‌سمان پاشای جاف ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌فه‌رێكی وه‌سمان پاشا بۆ سنه به‌مه‌به‌ستی بازرگانی و كار، له‌وێ ده‌چێته ماڵی عه‌بدولقادر به‌گ، چونكه یه‌كێك بووه له كه‌سایه‌تییه‌كانی سنه و چاوی به عادیله ده‌كه‌وێ، دواتر و له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵه‌بجه، داوای هاوسه‌رگیری له عادیله ده‌كات و ده‌بنه هاوژینی یه‌كتر.
عادیله له دیارترین ژنانی سه‌رده‌می خۆی بووه و كۆی گشتی ئه‌و كوردناسانه‌ی هاتوونه‌ته كوردستان و له نزیكه‌وه عادیله‌یان بینیوه و له ماڵه‌كه‌ی ماونه‌ته‌وه، شاهیدیی ده‌ده‌ن كه كه‌سێكی به‌توانا و لێهاتوو شاره‌زا و خاوه‌ن بڕیار بووه، هاوكات له زۆر كاتدا ڕۆڵی ناوبژیوانی بینیوه بۆ به‌رده‌وامی و سه‌قامگیربوونی ئاشته‌وایی ناوچه‌كه.
له سه‌رده‌می ئه‌ودا سنووری جیۆگرافی عه‌شیره‌تی جاف زۆر فراوان بووه، هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زووری گرتووه‌ته‌وه.
عادیله و هاتنی بۆ هه‌ڵه‌بجه
هاتنی عادیله بۆ هه‌ڵه‌بجه، پێوه‌ندی به هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ وه‌سمان پاشا هه‌بووه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م هاوسه‌رگیرییه ناڕه‌زایی و تووڕه‌یی زۆربه‌ی توركه‌كانی لێ كه‌وته‌وه، چونكه عادیله له سنه‌ی ژێر فه‌ڕمانڕه‌وایی ئێرانییه‌كانه‌وه به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه هاتبوو و خۆیشی زۆر سه‌رسام بووه به فارسه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك له دیوه‌خان و باڵه‌خانه‌كانی ته‌نیا كارگوزاری فارس كاریان كردووه و قسه‌كردن به زمانی فارسی بووه و زمانی توركی قه‌ده‌غه بووه.
توركه‌كان ترسیان له بڵاوبوونه‌وه و كاریگه‌ری هزری ئێرانییه‌كان بوو، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و ژنهێنانه‌ی وه‌سمان پاشایان به‌لاوه په‌سند نه‌بوو و هه‌وڵی زۆریان دا كه ئه‌م هاسه‌رگیرییه سه‌ركه‌وتوو نه‌بێ، به‌ڵام وه‌سمان پاشا زۆر بایه‌خی به‌و بابه‌ته نه‌دا و له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی خۆی پێداگیر بوو.
به‌و هاوسه‌رگیرییه، عادیله بوو به هاوژینی دووه‌می وه‌سمان پاشا، له دوای (مه‌نیج خان)ه‌وه، واته وه‌سمان پاشا پێشتر ژنی هه‌بوو و خاوه‌نی دوو منداڵ بوون به‌ناوه‌كانی (مه‌جید به‌گ و حه‌مه‌سه‌عید به‌گ).
به‌گوێره‌ی باسكردنی ئه‌و كوردناسانه‌ی هاتوونه‌ته كوردستان، بۆ وێنه: "مێجه‌رسۆن، ئیدمۆنس و ڕیچ"، له نزیكه‌وه عادیله‌یان بینیوه و له ماڵیان ماونه‌ته‌وه، له‌باره‌ی جوانیی عادیله خان زۆر قسه‌یان كردووه و به كه‌سێكی زۆر جوان و شۆخ و شه‌نگ وه‌سفیان كردووه.
وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات
ساڵی ١٨٨٩ له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه وه‌سمان پاشای جاف ده‌كرێته قایمقامی هه‌ڵه‌بجه و فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه‌كانی هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زوور ده‌كات. لێره به‌دواوه پێگه و ده‌سه‌ڵات و جێده‌ستی عادیله زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێته كه‌سی یه‌كه‌می ناوچه‌كه، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌سمان پاشا زیاتر له سه‌ردان و گه‌ڕانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بووه و پێویستی به كه‌سێك بووه كاره‌كانی به‌ڕێوه ببات و بڕیار بدات و سه‌رپه‌رشتی ناوچه‌كان بكات. له‌به‌رئه‌وه عادیله وه‌ك جێگر و بڕیارده‌ر له شوێنی وه‌سمان پاشای هاوژینی ده‌ستبه‌كار بووه. /كاره‌كانی عادیله زیاتر به‌ره‌و نزیكبوونه‌وه له ئێران و دووركه‌وتنه‌وه له عوسمانییه‌كان بوو/.
عادیله و كاره‌كانی
له سه‌روبه‌ندی هاتنی عادیله بۆ هه‌ڵه‌بجه، محه‌مه‌د پاشا (حه‌مه پاشا)ی باوكی وه‌سمان پاشا، له‌لایه‌ن كه‌ره‌م وه‌یسه‌كانه‌وه له گه‌رمیان ده‌كوژرێ، ئه‌مه ده‌بێته هۆی گۆشه‌گیربوونی وه‌سمان پاشا و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر خۆی ناشوات و جله‌كانی ناگۆڕێت، به‌ڵام عادیله ئه‌مه قبووڵ ناكات و به‌رده‌وام هاوكاری و یارمه‌تی ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بارودۆخێكی ده‌روونی جێگیر.
له دوای ساڵی ١٨٨٩ عادیله ژماره‌یه‌ك كاری گرنگ و گه‌وره‌ی له‌پێناو به‌ره‌وپێشچوونی هه‌ڵه‌بجه و باشتركردنی ناوچه‌كه ئه‌نجام داوه، چونكه خۆی خاوه‌ن بڕیار و ده‌سه‌ڵات بووه، كاره‌كانیش بۆ ئه‌و سه‌رده‌می كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارییه‌وه جێی سه‌رنج و هه‌ڵوه‌سته‌كردن بووه. بۆیه لێره‌دا به‌شێك له كاره‌كانی ده‌خه‌ینه‌ڕوو، له‌وانه:
یه‌كه‌م: دادگایه‌كی تایبه‌تی دامه‌زراند و خۆی سه‌رۆكی دادگاكه بوو، كۆی گشتی كێشه‌كانی ئه‌و سنووره ده‌گه‌ڕایه‌وه ژێرده‌ستی عادیله، ته‌نانه‌ت قازی و پیاوانی ئاینی به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و بڕیاریان نه‌ده‌دا.
دووه‌م: له ڕووی دابینكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتییان، هه‌نگاو و كاری زۆر باشی نا كه له ئاست پێداویستی خه‌ڵك زیاتر بووه، به‌تایبه‌تی له چاندنی دارودره‌خت و سه‌وزایی.
سێیه‌م: سێ كۆشكی گه‌وره‌ی له هه‌ڵه‌بجه دروست كرد، هاوشێوه‌ی كۆشكه‌كانی سنه.
چواره‌م: گرتووخانه‌یه‌كی نوێی له شاره‌كه‌دا بنیات نا.
پێجه‌م: قه‌یسه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی 54 دووكانی به خشت بنیات نا.
شه‌شه‌م: مزگه‌وتێكی به‌ناوی "خانم" دروست كرد كه پاداشتی مه‌لا و فه‌قێكانی له ئه‌ستۆ بوو.
ئه‌مانه و چه‌ندان كاری تری گرنگی هاوشێوه‌ی له سنووری فه‌ڕمانڕه‌وایی خۆیدا ئه‌نجام دا. خۆیشی كه‌سێكی ورد و به سه‌رنج بووه و هه‌وڵی دروستكردنی شوێنی خۆش و گونجاوی داوه و ساڵانه بۆ ماوه‌ی سێ چوار مانگ ده‌چووه ناوچه گه‌شتیاری و تایبه‌ته‌كانی هه‌ورامان، به‌تایبه‌تی له دوای مردنی وه‌سمان پاشا.
سه‌رچاوه‌كان:
1-نوخشه عه‌بدول: ڕۆڵی ژن/ له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی باشووری كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، سلێمانی، ٢٠٠٧.
2-میر به‌سری: ناودارانی كورد، و: عه‌بدولخالق عه‌لائه‌دین، بڵاوكراوه‌ی سه‌رده‌م، سلێمانی، ٢٠٠٢.
3-عادل سدیق عه‌لی: عادیله خانم/ كه‌سایه‌تی و ئه‌رده‌ڵانی بوون و ساحێبقڕانی بوونی، مه‌ڵبه‌ندی كوردۆلۆجی، سلێمانی، ٢٠١٠.
4- عه‌بدولجه‌بار محه‌مه‌د ئه‌لجه‌باری: ئافره‌ته ناوداره‌كانی كورد، چاپخانه‌ی جمووریه، كه‌ركووك، ١٩٦٩.
5-عه‌لی خه‌زنه‌دار: ئافره‌ته ناوداره‌كانی كورد (وه‌ك هێزێكی به‌رگریكار له نیشتمانه‌كه‌یان)، چاپخانه‌ی كارۆخ، ٢٠١٢.
6-كلۆدیۆس جه‌یمس ریچ: گه‌شتنامه‌ی ریچ بۆ كوردستان، و: محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی، ٢٠١٢.