خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.. ئەمشەو تۆتنهام و ئینتەر شەڕی مان و نەمان دەكەن

:: AM:09:16:11/12/2018 ‌

ئەمشەو هەردوو یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی و ئینتەر میلانی ئیتاڵی لەسەر بەدەستهێنانی پلیتێكی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا شەڕی مان و نەمان لەگەڵ یانەكانی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەكەن.

یانەی تۆتنهام لەنێو یاریگەی كامپ نوو سەعات 11ی شەو بەكاتی كوردستان لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبێتە مێوانی یانەی بەرشەلۆنە.

هەر لە هەمان سەعاتیشدا یانەی ئینتەر میلان لەنێو یاریگەی سان سیرۆ مێوانداریی یانەی ئایندهۆڤن دەكات.

هەردوو یانەی تۆتنهام و ئینتەر میلان لە كۆمەڵەی دووەم 7 خاڵیان كۆكردۆتەوە و بەجیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی دووەم و سێیەم دێن، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە بەكۆكردنەوەی 13 خاڵ بەیەكەمی كۆمەڵەكەی سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16ی خولەكە مسۆگەر كردووە، یانەی ئایندهۆڤنیش تەنیا خاڵێكی هەیە و بەفەرمی ماڵئاوایی لە ركابەرییەكان كردووە.

یانەی ئینتەر میلان بۆ ئەوەی پلیتی دووەمی كۆمەڵەی دووەم بۆ سەركەوتنی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەدەستبێنێ دەبێ لە یارییەكەی ئەمشەو بەرامبەر یانەی ئایندهۆڤن سەركەوتن بەدەستبێنێ.

یانەی تۆتنهامیش هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نییە تەنیا سەركەوتن نەبێت بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوودا.

بەگوێرەی پێشبینییەكان ئەركی یانەی ئینتەر میلان لەو یارییەدا ئاسانترە، چونكە یارییەكەی ئەمشەوی لەنێو یاریگە و جەماوەری خۆیەتی و جگە لەوەش سەركەوتن بەسەر یانەی ئایندهۆڤن ئاسانترە، بەتایبەتیش كە لە یاریی چووندا لەنێو خاكی هۆڵەندا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنابوو.

لەبەرامبەریشدا ئەركی یانەی تۆتنهام قورسترە بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەیەكی بەهێزی وەك بەرشەلۆنە دەبێتەوە كە لە یاریی چووندا لەنێو یاریگەی وێمبڵی لە شاری لەندەنی پایەتەخت بە ئەنجامی 2-4 گۆڵ شكستی بەرامبەر خواردبوو.

ئەمشەو هەر لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی كۆتایی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا چەند یارییەكی تریش بەڕێوەدەچن:-

سەعات 8:55ی شەو / گەلەتەسەڕای – پۆرتۆ

                         شالكە – لۆكۆمۆتیڤ مۆسكۆ

سەعات 11ی شەو / كلۆپ بڕوج – ئەتلەتیكۆ مەدرید

                       مۆناكۆ – بڕووسیا دۆرتمۆند

                       لێڤەرپوول – ناپۆلی

                       سرڤینا زڤیزدا – پاریس سان جێرمان






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م