مەلا بەختیار جارێكی تر باسی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دەكات

:: AM:09:41:11/12/2018 ‌
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكی تر باسی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دەكات و ئاشكرای دەكات، سەریان دای لە تاشە بەرد و هەڵوێستی خۆشی لەسەر پێكهێنانی حكوومەت ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی كانوونی یەكەم، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر بارودۆخی یەكێتی لە دوای هەڵبژاردنەكان لە وتارێكی نووسیویەتی، ڕەوتی موزایەدەخوازی یەكێتیش، كاڵفامیان دای لە تاشە بەردی هاوكێشە سیاسییە راستەقینەكان.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی لەبارەی ئۆپۆزسیۆنبوون ئاشكرای كردووە، ئۆپۆزسیۆنیش كە پێیان وابوو ئەگەر بتوانن زۆرینەی كورسی وەدەست بهێنن، یان خۆیان ‌و تەكەتولی هەلپەرستی یەكێتیی ببنە زۆرینە، دەتوانن پارتی بچووك بكەنەوە، ئەمانیش رێژەی دەنگەكانیان ناچاری كردن پاشەكشە بكەن ‌و لایان داوە و بایان داوە.

لەبارەی ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی داوە، لە دۆخێكی نەخوازراوی واشدا، جڵەوی رووداوەكان كە لە دەست دەرچوون، نە لایەنەكانی دەسەڵات ‌و نە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی تووڕە. ڕەنگە لە هەلومەرجێكی ئاوهاشدا چەند رابەرێكی دەركەوتووی سۆسیال-میدیا، بۆ ماوەیەك بتوانن رووداوەكان بەئاراستەی پۆپۆلیستی ‌و ئاژاوەگێڕی، رابەرایەتی بكەن بەتایبەتی هەلپەرست ‌و پۆپۆلیستە شكستخواردووەكانی كوردستان لە دەیەی رابردوودا، تاقیكردنەوەی سوودبەخشیان بۆ پۆپۆلیستە دەرنەكەوتووەكان جێهێشتووە.

ئەو وتارەی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی لە كاتێكدایە دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بەشداری كۆبوونەوەكانی یەكێتی نەكردووە.



وشە - رامیار جەواد