سلێمانی.. هێزەكەی لاهوور منداڵێكی 16 ساڵیان گرتووە

:: AM:10:09:11/12/2018 ‌
بەهۆی گرتنی مێرمنداڵێك لە بەردەم دادگای سلێمانی، خێزانێك خۆپێشاندانێكیان ئەنجام دا و داوای ئازادكردنی كوڕەكەیان دەكەن كە لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆر گیراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی كانوونی یەكەم، بنەماڵەی هەڵۆ محەمەدی تەمەن 16 ساڵ كە لەلایەن دژە تیرۆری یەكێتی بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی گیراوە، لە بەیاننامەیەك لە بەردەم دادگای سلێمانی ڕایان گەیاند، هەڵۆ محەمەد ئەمین مێردمنداڵێكی خوێندكاری قۆناغی نۆی بنەڕەتییە، بەهۆی ڕێكخستنەكانی خوێندكارانی یەكێتییەوە تێكەڵ بە كاری حزبی بووە، بەڵام دواتر هێزەكانی دژە تیرۆری سەربە یەكێتییەوە بەناوی قوباد تاڵەبانییەوە لە ماڵ هێناویانەتە دەرەوە و دواتر بەبێ ئاگاداریی دایك و باوكی دەیگرن.

بنەماڵەی هەڵۆ ئاشكرایان كرد، ئەو هێزە بە لێدان و ئەشكەنجەدان بەزۆر دەیانەوێ شت بەسەر كوڕەكەیان بسەپێنن، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەن بەخێرایی بەفریایان بكەوێت و ئەو كارە دڕندانەیە ڕابگرن.

ئاماژە دراوە، سێشەمی ڕابردوو ڕێیان پێ دراوە كوڕەكەیان ببینن، بەڵام تەنیا لەناو ئۆتۆمبێلێكدا بۆ چەند چركەیەك چاویان بە منداڵەكەیان كەوتووە و ڕێیان پێ نەدراوە هیچ قسەیەكی لەگەڵدا بكەن.

بنەماڵەكەی هەڵۆ ئەوەشیان خستەڕوو، دوێنێ‌ لە دادگا لەوكاتەدا هەڵۆ چاوی بە دایك و باوكی دەكەوێت و بەدەم گریانەوە هاواریان لێ دەكات و پێیان دەڵێت كە كارێك بكەن نەبرێتەوە بۆ زیندانی دژە تیرۆر، چونكە لەوێ ئەشكەنجە دراوە، بەڵام لەوكاتەدا ئەو هێزەی هەڵۆی دەستبەسەر كردووە، جارێكی تر هێرشی دەكەنەوە سەر و لە بەردەم دایك و باوكیدا جارێكی تر لێی دەدەن.



وشە - رامیار جەواد