بە مەبەستی گەیاندنی كۆمەكی مرۆیی بۆ 20 ملیۆن یەمەنی لە ساڵی داهاتوودا، نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند كە پێویستی بە پێنج ملیار دۆلار هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە كۆنگرەیەكی هاریكاری لە جنێڤ ئەنجام بدەن.
نەتەوە یەكگرتووەكان پلانی خۆی بۆ ساڵی 2019 لە رووی دابینكردنی كۆمەكی مرۆیی بۆ 20 ملیۆن یەمەنی كە دەكاتە 70%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، راگەیاند. بەگوێرەی ناوەڕۆكی پلانەكە بێت، بۆ گەیاندنی كۆمەكی مرۆیی لە دابینكردنی خۆراك و پێویستی ناوماڵ كە ئەو 20 ملیۆن یەمەنییە كە بەشێكیان بەهۆی شەڕی ناوخۆ كە لە 2014ەوە بەردەوامی هەیە، ئاوارە بوونە، ئەوەی تریش لەبەر هەژاری و دەست نەكەوتنی خۆراك و پێویستی رۆژانە، برسیبوون مەترسی لەسەر دروست كردوون.
مارك لۆكۆك جێگری ئەمینداری گشتی و رێكخەری كاروباری مرۆیی و بەهاناوە چوونی بە پەلە لە
نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە پێویستی بە پێنج ملیار دۆلار هەیە بۆ گەیاندنی فریاگوزاری خێرا لە ساڵی 2019 بۆ 20 ملیۆن یەمەنی.
بۆ كۆكردنەوەی كۆمەكی نێودەوڵەتی، بڕیارە لە 26ی شوبات/ فێبرایەر، لە جنێڤ بە سپۆنسەری سوید و سویسڕا و نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ خەڵكی یەمەن و ئەوانەی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە زیانیان بەركەوتووە، ئەنجام بدەن.
لۆكۆك هیوا دەخوازێ هەوڵەكانی دەست پێكردنی پرۆسەی ئاشتەوایی سیاسی كە ئێستە لە سوید بەڕێوە دەچێت، ئەنجامی ئەرێنی هەبێت كە رەنگدانەوەی ئەنجامی ئەرێنیشی هەبێت بەسەر گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان بۆ هاووڵاتییانی یەمەنی.