لە چاكسازیی هەولێر دەبێتە شەڕ و پێنج كەس برینداربوون

:: AM:11:30:11/12/2018 ‌
لە چاكسازیی گەورانی هەولێر شەڕ دروست دەبێت و پێنج گیراو بریندار دەبن و یەكێكیان برینەكەی سەخت بووە و تا ئێستەیش هیچ ڕوونكردنەوە نەدراوە لەسەر ڕووداوەكە.

ئەمڕۆ سێشەم 11تی كانوونی یەكەم، سەرچاوەیەك لە كەسوكاری گیراوان بە "وشە"ـی ڕاگەند، شەوی ڕابردوو شەڕ لە نێوان گیراوان دروست بووە و بەو هۆیەوە پێنج گیراو زامدار بوونە و یەكێكیان برینەكەی قوڕس بووە.

هاوكات سەرچاوەیەك لە پۆلیس بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چاكسازیی گەورانی هەولێر سەربە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە، بۆیە ئێمە ناتوانین قسەی تێدا بكەین، بەڵام ڕووداوێكی لەو شێوەیە هەبووە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری چاكسازیی هەرێمی كوردستان كرد لە وەزارەتی كار، بەڵام ژمارەكەی داخرابوو.

لە ساڵی 2008 دوای رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان/عێراق بڕیار درا كە گیراوانی سزادراو وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەرپەرشتی بكات لەگەڵ دامەزراندنی ستاف و كارمەندی تایبەت بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی.

بەهۆی بوونی ئەو ستافە نوێیە چاكسازییەی كە حكوومەتی هەرێم بۆ بەرزكردنەوەی توانستی ئەم ستافە و بەتایبەت توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی، هەڵسا بە شاندكردنی پۆلێك لە توێژەران بە چەند هەنگاوێك بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكی و عەرەبی و بەشداریكردنیان لە چەندان خولی بەهێزكردن و چۆنیەتی مامەڵەكردنی سزادراوان ئەنجام داوە.



وشە - رامیار جەواد