به‌هۆی بوونیان به په‌رله‌مانتاری كوردستان و عێراق، سێ ئه‌ندامی نوێ ده‌چنه شوێنی سێ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و جێگری نوێی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانیش دیاری ده‌كرێت.
مه‌هدی مه‌حموود سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌نگ به سێ ئه‌ندامی نوێ ده‌درێت كه سه‌ر به فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو ده‌رچوون بۆ په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستان، دواتر سوێندی یاسایی ده‌خۆن.
ئه‌وه‌شی گوت: هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ده‌نگ به ڕێبوار ئه‌حمه‌د له فراكسیۆنی گۆڕان ده‌درێت بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌نوه‌ر تاهیر كه جێگری پێشوو بوو ده‌خرێته ده‌نگدان.
زیاد كاكه ڕه‌زا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و ئه‌ندام ئه‌نجوومه‌نه‌ی كه ده‌بێته شوێنگره‌وه‌ی به‌رزان حه‌مید ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له جێی دانا جه‌زا ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
هاوكات ئه‌ندامه نوێیه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه به مامۆستا ئیسماعیل ناسراوه، ده‌بێته ئه‌ندام ئه‌نجوومه‌ن له‌سه‌ر فراكسیۆنی گۆڕان له جێی غالب محه‌مه‌د، هاوكات له فراكسیۆنی یه‌كێتی كه‌سێك بۆ شوێنی سه‌لمه فاتیح دیاری ده‌كرێت و ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی