فەرماندەیەكی یەكێتی بۆ ئەو كوردانەی دەچنە ناو حەشدی شەعبی: لێبوردنمان نابێت

:: PM:02:04:22/12/2016 ‌

فەرماندەیەكی پێشمەرگەی سەر بە هێزی حەفتای یەكێتی، لەبارەی ئەو كوردانەی دەچنە نێو حەشدی شەعبییەوە دەڵێ: لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا لێبوردنمان نابێت.

میلیشیای حەشدی شەعبی كە پێش چەند ڕۆژێك بە واژووی سەرۆك كۆماری عێراق وەك هێزێكی فەرمی ناسێنرا، هەڵمەتێكی ناونووسكردنی كوردی دەست پێ كردووە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ژمارەیەك ئەندامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆیان ناونووس كردووە، ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت بەرپرسان و پێشمەرگەی ناو یەكێتیش ڕەخنەی توندیان لەو هەڵمەتە گرتووە.

سیروان حوسێن فەرماندەیەكی پێشمەرگەیە لە هێزی حەفتای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی: بۆ ئەو كوردانەی چوونەته ناو حەشدی شەعبی، هەركات رووبەڕوومان بوونەوه، ل بیرتان بێت كە لێبوردنمان نابیت، چونكه كورد جگه له پێشمەرگه، هیچ سوپایەكی نابێت.

پێشتر "سامان محەمەد" وەك گەنجێكی شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لەم رۆژانەدا دەیان گەنجی خورماتوو ناوی خۆیان بۆ چوونە ناو سوپای نیشتمانی عێراق تۆمار كرد، بەو پێیەی سوپا هێزێكی نیشتمانییە و كورد هێشتا لە عێراق جیا نەبووەتەوە، سەرووی هەمووشیان دۆخی نالەباری ئابووری هاندەر بوون بۆ ئەوەی ناویان لە سوپای عێراقیدا تۆمار بكەن. بەڵام زۆر زوو دەركەوت ئەو ناونووسینە بۆ حەشدی شەعبییە و دوای ئاشكرابوونی، گەنجانی كوردی ئەو ناوچەیە پەشیمانبوونەوەی خۆیان راگەیاندووە و هەمووان گەڕاونەتەوە ماڵەكانی خۆیان.

محەمەد فایەق گوتەبێژی فەرمی قایمقامیەتی شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، هەر لە سەرەتادا كاری ناونووسین بێ ئاگاداری قایمقامیەت و ئەنجوومەنی شارەوانی ئەنجام دراوە، بۆیە جێگەی بڕوا نەبووە چونكە سوپا لە كاتی ناونووسكردنی هاووڵاتییان، لایەنە فەرمییەكان ئاگادار دەكاتەوە.

ئەوەشی گوت: "بۆ ئەو كارەش لۆگۆی سوپا و كردەوەگەل بەكار هێنرابوو، دواتر كە بەمە زانرا، گەنجان رازی نەبوون ببنە حەشد و هێزی تری جگە لە سوپا، بۆیە سەرجەم ئەوانەی ناویان نووسیوە، چوونەتەوە ماڵەوە و پێوەندییان بەو هێزەوە نەكردووە.

حەشدی شەعبی هێزێكی میلیشیای شیعەیە، دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێ درا تا وەك بەشێك لە سوپا هەژمار بكرێ و لەلایەن فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراقیش واژوو لەسەر ئەو بڕیارە كرا. هێزەكە لە 67 فەرماندەیی پێك هاتووە، لەلایەن مەرجەعی باڵای ئاینیی شیعەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بەپێی هەندێك بەڵگەی وێنە و ڤیدیۆ و شایەتیی چەند قوربانییەك، تۆمەتبارن بە چەند كۆمەڵكوژییەكی سوننەی عێراق و ئەشكەنجەدانی هاووڵاتییان، لە چەند لێدوانیشدا دژایەتیی خۆیان بۆ پێشمەرگە و گەلی كورد دووپات كردووەتەوە.




وشە - كوردۆ شابان