ڕێڤینگ هرووری سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان گوتی: پەرلەمان شوێنی یاسادانانە وئێمەش پابەند دەبین بە بڕیارەکانی دادگا، لە رۆژی دادگایکردن منیش کە سکاڵام لەسەر تۆمار کراوە بەھۆی ھێشتنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە کراوەیی، خۆم و پارێزهرهكهم ئاماده دهبین، بەڵام ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کردی، سەرەتایەکی باش نەبوو لەکاری پەرلەمانی ئەوان، چونکە ھەر کە ھاتنە ناو پەرلەمان ڕقهوه ھاتن.
بهو پێیهی رێڤینگ ھروری لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان، بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دانیشتنەکە بوو و كۆبوونهوهكهی بەرێوە برد، چونكه هیچ کاندیدێک نەبوو بۆ سەرۆکایەتی.
سهرۆكی كاتیی پهرلهمان گوتی: جگە لە نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی ھەموو لایەنەکان پێشنیاریان کرد تاوەکو لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن کۆبوونەوە بەکراوەیی بمینێتەوە، پێشنیارەکەم خستە دەنگدان و بە زۆرینەی رەھا پەسەند کرا، بۆیە دانیشتنەکە بە کراوەیی ماوە.
زیاتر گوتی: نەوەی نوێ سکاڵای لەسەر من تۆمار کردووە بەھۆی ھێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەکراوەیی و دادگاش رۆژی 18ی ئەم مانگەی بۆ دادگاییکردنەکە داناوە، ئێمەش لەرێگەی پارێزەرەکانی خۆمان پابەندی یاسا دەبین، چونکە لە پەرلەمان کاری ئێمە یاسادانانە و رێز لەیاسا دەگرین.
ھروری باسی لەوەش کرد، سکاڵاکە لەبیرۆکەیەکی ھەڵەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە ئەوان سەرەتای کاریان لەناو پەرلەمان و بەڵێنیان دابوو ئەزموونی خولی پێشوو دووبارە نەبێتەوە، بەڵام نهوهی نوێ به ڕقهوه ھاتنە ناو پەرلەمان، ئەگەر نا بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان ھەر پەرلەمانتارێک کە سوێندی یاسایی دەخوات پێویستە دوای سوێند خواردن تەوقە لەگەڵ سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بکات، بەڵام سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ بێ تەوقەکردن تێپەری، دیارە کە وەکو تۆڵەکردنەوەی لە پارتی کردوویانە، بەڵام ئێمە سکاڵاکەمان پێ ئاساییە و پابەند دەبین بە بڕیارەکانی دادگا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لایەنەکان بگەنە رێککەوتن سهعاتێک بەسە بۆ ئێمە دەستەی سەرۆکایەتی دیاری بکەین، بەڵام تا ئێسته لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و ئەوکارەی ئێمەش کردوومانە بۆتە عورفێک و بەپێی پەیرەوی ناوخۆش ھەموو پرسەکان بە زۆرینە دەکرێن و ئێمەش ئەو کارەمان بە زۆرینە کردووە و چاوەرێی لایەنەکانیش دەکەین ئەگەر بگەنە رێککەوتن کۆبوونەوەی خۆمان دەکەین و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی دیاری دەکەین.
وشه/ بڵند ئیبراھیم