نێچیرڤان بارزانی: بۆ ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشیی دڵ نه‌بن خۆ پاراستن له‌ چاره‌سه‌ر گرنگتره‌

:: PM:02:42:22/12/2016 ‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆنفڕانسی نەخۆشییەكانی دڵی له‌ شاری هه‌ولێر كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی دڵ نه‌بن خۆ پاراستن له‌ چاره‌سه‌ر گرنگتره‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم، له‌ شاری هه‌ولێر، كۆنفڕانسی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ به‌ڕێوه‌ چوو، تێیدا سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ژماره‌یه‌ك پسپۆڕی ته‌ندروستی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكوومی ئاماده‌ بوون.

لە كۆنفرانسەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتەیەك، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا سەرەتا باسی لە بیرۆكەی دامەزراندنی سەنتەری دڵ لە هەولێر كرد و ئاشكرایكرد كە بەڕێز د. عەلی سندی كە ئەو كات ڕاوێژكار بوو لە ئەنجومەنی وەزیران بیرۆكەی دروستكردنی ئەم سەنتەری بۆ هەرێمی كوردستان و هەموو عیراق داوەتێ و ئەویش بە كارێكی باشی زانیوە و لەوكاتەوە سەنتەرەكە دامەزرا كە كاری زۆر باشی ئەنجام داوە و سوپاسی د. عەلی سندی كرد بۆ بیرۆكەكەی، هەروەها سوپاسی هەریەك لە بەڕێزان د. كامل نامق، د. عیماد ئەحمەد و د. نەبیل كرد كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو سەنتەرەوە تا ئێستا لەگەڵی بوون.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا ئاماژەی بەوە دا كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO ڕۆژی 9ی مانگی 12ی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ دیاری كردووە ئەمەش لەبەر ئەوەی نەخۆشییەكانی دڵ لەسەر ئاستی جیهان بەربڵاوە و هۆكارەكانیشی بۆ جێنەتیك، خواردنی ناتەندروست، وەرزش نەكردن و جگەرە كێشان گەڕاندەوە و گوتی: "من پێم وایە ئەوەی گرنگە و پێویستە بكرێت، ڕاستە ئێمە سەنتەرمان هەیە و چارەسەری ئەم حاڵەتانە دەكات، بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە كە فێری پێشگیریكردن لەو هۆكارانە ببین كە دەبنە هۆی دروستبوونی نەخۆشییەكانی دڵ و چارەسەریان بكەین، یەكێك لەو هۆكارە گرنگانە وەرزشی ڕۆژانەیە كە ئەنجامدانی وەرزشی ڕۆژانە مەترسیی توشبوون بە جەڵتەی دڵ كەم دەكاتەوە". ئاشكراشی كرد كە لە كۆندا خەڵكی كوردستان زۆر كەم تووشی ئەو نەخۆشییە دەبوون ئەمەش بەهۆی جوڵەی زۆر و خواردنی تەندروستەوە بوو، بەڵام ئێستا نە خواردنی تەندروست دەخورێت و نە وەرزش دەكرێت و جگەری زۆرتریش دەكێشرێت.

دەربارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی تا ئێستا سەنتەرەكە لە نۆ ساڵی ڕابردوودا پێشكەشی كردوون، سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند: "من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەو سەنتەرە خزمەتێكی زۆری كردووە لە نۆ ساڵی ڕابردوودا، ئەوە ژمارانەی كە پیشاندرا پێی دڵخۆش بووەم، بەتایبەتی بەو منداڵانەی كە لەو سەنتەرەدا چارەسەریان بۆ كراوە. لە سەرتای دەستپێكردنی كاری ئەم سەنتەرەوە ئامارێك كراوە لە هەموو كوردستان بۆ ئەوانەی كە دڵیان كونە كە كێشەیەكە لە زكماكدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ئەگەر گەورە ببن و چارەسەرییان بۆ نەكرێت موزاعەفاتی زۆری دەبێت، لە كوردستان نزیكەی چوار هەزار لەو نەخۆشانە تۆمار كران و زۆر دڵم خۆش بوو بەوەی كە ئەمڕۆ بینیم نزیكەی هەزار و حەوسەدێك لەوان چارەسەر كراون، دەبێت ئێمە بەردەوام بین لەوەی ئەو نەخۆشیانە چارەسەر بكرێت، دوای ئەوەی ئامارەكەم بینی، ئەو پرۆگرامەی پێشتر هەمانبووە بۆ چارەسەركردنیان، بەردەوام دەبین لەسەری، چونكە ئەمە زۆر زۆر گرنگە، ئەو نەخۆشانەی كە چارسەر دەكرێن و هەندێك جار ئەو منداڵانە نامەیەكی سوپاسم بۆ دەنێرن، بۆ من شتێكی یەكجار زۆر گەورەیە، بەڕاستی ئەو سوپاسەی ئەو منداڵانە دەینێرن كاریگەریی زۆری هەیە كە ژیانی ئەوان لە مردن ڕزگار كراوە".

سەبارەت بە سیستمی تەندروستیش لە هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: سیستەمی تەندروستی ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەوە نییە بڵێی كە هەموو خەڵك ناڕازیە لە سیستەمی تەندروستی، بەڵام پێویستی بە چارەسەری هەیە. كێشەی سیستەمی تەندروستیی لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە سیستمێكی سۆسیالیستی یە، حكوومەت خۆی كردووە بە بەرپرس لە هەموو پێداویستییەك و ناشتوانێت جێبەجێی بكات، سیستمێكی كۆنی سۆسیالیستی زەمانی سەدامە و لەو دەورەوە تا ئێستا لە هەموو عێراق ئەو كێشەیە هەیە، ئەو فكرەیە دەبێت بگۆڕدرێت و پشتگیریی كەرتی تایبەت بكرێت و سیستەمی تەندروستیش لەوەی كە خۆمان كردووە بە بەرپرس لەوەی كە دەتوانین هەموو خزمەتگوزارییەك دابین بكەین، بەڕاستی وەكو پێویست ئەمە ئەنجام نادرێت و دەبێت ئەم بیركردنەوەیە بگۆڕدرێت، ئەگەر ئەمە نەگۆڕدرێت سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.

سوپاسی د. ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەرندوستی كرد بۆ هەوڵ و تەقەلاكانی لە بواری دابینكردنی دەرمانی باش و ئەنجامدانی ریفۆرم لە وەزارەتدا و بە پێویستی زانی سەندیكای پزیشكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەش یارمەتی بدەن و پشتگیریی لە هەنگاوەكانی بكەن و خەمخۆری گۆڕینی ئەم سیستەمە بن لە هەرێمی كوردستاندا.

هەروەها سوپاسی هەموو پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لە كوردستان كرد و گوتی: " من دەمەوێت بەتایبەتی سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆم جاری یەكەم بۆ هەموو پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لە كوردستان بنێرم كە لە بارودۆخێكی سەختی داراییدان و ئێمە هەموو ئەوە تێدەگەین، بەڵام نەیانهێشتووە خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشكی لەم وڵاتەدا پەكی بكەوێت و سوپاسیان دەكەم، ئەم سوپاسە تایبەتە بۆ كارمەندانی تەندروستی و بەتایبەتی هەرسێ نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی و فریاكەوتن و منداڵان لە هەولێر كە بەڕاستی ئەمانە ئەركێكی تا بڵێی سەخت ئەنجام دەدەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە مووسڵ دەستی پێكردووە كە ئینشائەڵا بە سەركەوتوویی تەواو دەبێت و مووسڵیش ڕزگار دەبێت لە دەست تیرۆریستان و مەجال دەبێت ئەم ئاوارانە بگەڕێنەوە، ئێمە دەبینین و شاهێدی ئەوەین ئەوانە شەو و ڕۆژ كار دەكەن بۆ خزمەتكردنی ئەو خەڵكە ئاوارە و نەخۆشانەی كە لە مووسڵەوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەتایبەتی كە زۆربەیان دێنە هەولێر، من دەمەوێت ئەوانە بزانن بەڕاستی ئێمە تەقدیرێكی تایبەتیمان هەیە بۆیان، تەقدیر و سوپاسی تایبەتیمان هەیە بۆ هەموو ئەو كارانەی كە ئەنجامی دەدەن، ئەوان شەو و ڕۆژ كار دەكەن بۆئەوەی خزمەتگوزاریی پزیشكی بگەیەننە ئەو خەڵكە".

بۆ زیاتر بەهاناوەهاتنی ئاوارەكان لە بواری تەندروستیدا، سەرۆك وەزیران گوتی: لێرەوە داوا لە بەغدا دەكەم كە ڕاستە ئێمە لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵین و سەرفرازین بەوەی كە ئێمە دەتوانین هەندێك خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش بكەین، بەڵام ئەمە پێویستی بە پشتگیریی ئەوان هەیە و دەبێت بێن كارەكە ئەنجام بدەن و زیاتر خۆیان بكەنە خاوەنی ئەم مەسەلەیە، لەم قەیرانە داراییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، ئەوەی كە ئێتسا ئێمە هەمانە و پێمان كراوە كردوومانە، بەڵام پێویستیمان بە پشتگیریی زیاتر هەیە كە پێویستە بەغدا ئەنجامی بدات و خۆی بكاتە خاوەن. ئێستا من لە د. ڕێكەوت بیستم كە وەزیری تەندروستی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، هیوادارم بەغدا ئەم پرسە بە جدییی وەرگرێت و هەوڵ بدات ئەم كێشەیە بۆ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت.

لە كۆتایی وتەكەیدا هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنفرانسەكە خواست و سوپاسی هەموو ئەوانه‌ی كرد كە كاریان كردووە و ئەم پڕۆژەیان بە سەركەوتوویی گەیاندۆتە ئەمڕۆ. دووپاتیشی كردەوە دەكرێت ئەو مۆدێلە كارگێڕییەی لە نەخۆشخانەی سەنتەری چارەسەری دڵ پەیڕەوە دەكرێت، لە شوێنەكانی دیكەی كوردستاندا جێبەجێی بكرێت.


وشە - كوردۆ شابان