بەرشەلۆنە خۆی لەسەر دێمبێلێ یەكلایی كردەوە

:: PM:06:21:11/12/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دوایین بڕیاری خۆی لەسەر ئەستێرە لاوە فڕەنسییەكەی عوسمان دێمبێلێ داوە دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا دووبارە لە مەشق و راهێنانەكانی تیپەكەی دواكەوتبوو.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە رەتیان كردۆتەوە دەستبەرداری دێمبێلێ بن و بەڵكو هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن بۆ هاوكاریكردنی.

یانە كەتەلۆنییەكە جەختیشی كردەوە هەر یانەیەك بیەوێ گرێبەست لەگەڵ دێمبێلێ بكەن دەبێت 400 ملیۆن یۆرۆی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیان پێ بدەن.

جگە لەوە دێمبێلێ خۆشی دەیەوێ ماوەیەكی درێژتر لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە بمێنێتەوە و هەر لە ریزی ئەو یانەیەدا ناسناوەكانی خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەدەستبێنێ.

لای خۆیانەوە پێپ سێجێرای بەڕێوەبەری وەرزشی و ئیریك ئەبیدالی سكرتێری هونەری یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریانداوە راستەوخۆ لەگەڵ دێمبێلێ دانیشن و كێشەكانی لەگەڵیدا یەكلایی بكەنەوە بۆ ئەوەی كێشەكانی ئەم یاریزانە كاریگەری نەكاتە سەر هاوسەنگی تیپەكە و یاریزانەكان بەهۆیەوە ناسناوەكانی ئەمساڵ لەدەست بدەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م