دی یۆنگ خۆی یەكلایی كردۆتەوە

:: PM:06:32:11/12/2018 ‌

فرانكی دی یۆنگی ئەستێرەی لاوی هۆڵەندی و یانەی ئەیاكس ئەمستەردام بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو لەنێو سەرجەم یانە گەورەكانی ئەوروپا یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هەڵبژێرێ.

دی یۆنگ بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی كە ئەمساڵ لەگەڵ یانەی ئەیاكس پێشكەشی كردووە، سەرنجی زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپای بۆ خۆی راكێشاوە.

ئەستێرەكەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا جگە لەوەی ئێستا ئامانجی سەرەكی یانەی بەرشەلۆنەیە، هەروەها ئامانجی سەرەكی یانەكانی مانچستەر سیتی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسیشە.

تەلەفزیۆنی (Esport3)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: دی یۆنگ ئێستا چاوەڕێی هەنگاوەكانی یانەی بەرشەلۆنە دەكات بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بكەن.

دی یۆنگ هەروەها پێی باشترە بچێتە یاریگەی كامپ نوو نەك روو لە خولی ئینگلیزی (مانچستەر سیتی) و فڕەنسی (پاریس سان جێرمان) بكات.

سەرچاوە رۆژنامەوانییە ئیسپانییەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە رۆژی هەینی رابردوو پەیوەندی بە بەڕێوەبەری كارەكانی دی یۆنگەوە كردبوو، هەروەها پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتیش خۆی تا ئێستا 2 جار بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م