تاقیكردنەوەی مووشەكیی هیندستان بۆ جاری چوارەم شكستی هێنا

:: PM:02:50:22/12/2016 ‌

هیندستان بۆ جاری چوارەم مووشەكێكی جۆری كرووزی تاقی كردەوە كە بە نەربە ناسراوە، بەڵام تاقیكردنەوەكە شكستی هێنا.

ئەو جۆرە مووشەكە توانای هەیە كڵاوەی ناوكی هەڵبگرێت و بۆ یەكەم جار لە ساڵی ٢٠١٣ تاقی كراوەتەوە. مووشەكەكە لە تاقیكردنەوەی چوارەمیدا پێش ئەوەی بە مەبەستی دیاریكراو بگات، تەقییەوە.

دەزگەی لێكۆڵینەوە و پەرەپێدانی بەرگریی هیندستان ئەوەی ئاشكرا كردووە لە تاقیكردنەوەكەدا سەركەوتوو نەبووە.

پێویستە بگوترێت ئێستە هیند خاوەنی تەنیا جۆرێكە لە مووشەك كە مەودای ٢٩٠ كیلۆمەتر دەتوانێت ببڕێت و بە یارمەتی رووسیا دروستی كردووە كە بە كرووز براهموس ناسراوە.

ئەو تاقیكردنەوەیەی هیندستان هەفتەیەك دوای ئەوە دێت كە سوپای پاكستان بە سەركەوتوویی جۆرێكی نوێ لە مووشەكی دوورهاوێژی كرووزی تاقی كردەوە كە بە بابر٢ ناسراوە.

ئەو مووشەكە لە توانایدایە ٧٠٠ كیلۆمەتر ببڕێت و سوپای پاكستان گوتی مەبەستی ئەوەیە توانای سەربازی وڵاتەكەی بەرز بكاتەوە.

ئەوكات هەریەك لە مەمنوون حوسێن سەرۆك كۆمار و نەواز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان تاقیكردنەوەی سەركەوتووانەی ئەو جۆرە مووشەكەیان بە هەنگاوێكی گرنگی گەشەی سەربازیی وڵاتەكەیان هەژمار كرد و پیرۆزبایییان لە زانایانی پاكستان كرد.

جێگەی باسە لە ناوچەكەدا پاكستان لەگەڵ هیندستان ناكۆكی مێژوویییان لەگەڵ یەكتردا هەیە و گەورەترین كێشەیشیان پێوەندی بە خاوەندارییەتی كشمیرەوە هەیە.

سەرچاوە/مهرنیوز-ویكیپیدیا


وشە - سلێمان تاشان