عێراق.. تەنگژەی حكوومەت جارێكیتر سەدر و عامری كۆ دەكاتەوە؟

:: PM:09:26:11/12/2018 ‌

ناكۆكییە سیاسییەكان لە نێوان دوو فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و لە 24ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە نەتوانراوە دەنگ بە كاندیدانی هەشت وەزارەتی بەتاڵی حكوومەتی عێراق بدرێت، ئەوەیش كاری پەرلەمان و حكوومەت و تێكڕای پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەك خستووە، لەو كاتەی زانیارییەكان باس لە كۆبوونەوەیەكی چاوەڕوانكراوی سەرانی هەردوو هاوپەیمانی بینا و ئیسڵاح دەكەن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی.

پێ دەچێت وەڵامدانەوەی نێوانگیری رەزا محەمەد سیستانی كوڕی مەرجەعی باڵای نەجەف عەلی سیستانی بێت لای هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح و موقتەدا سەدر پاڵپشت بۆ هاوپەیمانی سائیروون بۆ سازكردنی كۆبوونەوەیەكی سەرانی هەردوو هاوپەیمانی لە دوای ململانێی ماوەی رابردوو كە دۆخەكەی گەیاندە بنبەست و هەموو پێشبینییەكی پەرەسەندنی دۆخەكەی لێ دەكرا، تەنانەت گەیشتنی ململانێكان بۆ ناو شەقام و دووبارەبوونەوەی رووداوەكانی هاوشێوەی بەسڕە.

لەو ناوەدا فراكسیۆنی هاوپەیمانی سائیروون رای گەیاند كە بەمنزیكانە كۆبوونەوەیەك هەردوو هاوپەیمانی ئیسڵاح و بینا كۆ دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیان لەوانە لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق. كە بینا سوورە لەسەری و ئیسڵاحیش رەتی دەكاتەوە و هەڕەشەی پەكخستنی هەر دانیشتنێكی پەرلەمانی كرد ئەگەر تیایدا هەوڵی تێپەڕاندنی فەیاز بە زۆرینە بدرێت.

وەك تەڵعەت كەریم پەرلەمانتاری سائیروون ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، ئەو كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوە دەكەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو و ناوەڕۆكەكەیشی هەوڵێكە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی دەنگدانە بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی كە هەشت وەزارەتی بە بەتاڵی ماونەتەوە، بەتایبەتی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و وردتر كاندیدكردنی فالح فەیاز لەلایەن فەتحەوە بۆ پۆستی ناوخۆ.

ئەو پەرلەمانتارەی سائیروون سەرەڕای داننانی بە تەواوبوونی تەوافوق لەسەر كاندیدكردنی فەریقی یەكەم رووكن عەبدولغەنی ئەسەدی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری كە پێشتر فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق بوو و بەم دواییە بە مەبەستی ئامادەكردنی و دوورخستنەوەی بە بەشبەشێنە خانەنشین كرا، ئەو بەدووری زانی چارەسەرێكی نزیك بۆ تەنگژەی كاندیدكردنی فالح فەیاز بدۆزرێتەوە، ئەویەش بەهۆی دەستگرتنی هەردوو لایەن بە هەڵوێستی پێشوویان، دووپاتی كردەوە كە تاكە چارەسەری ئەوەیە فەیاز پاشەكشەكردنی لە كاندیدبوون رابگەیەنێت بۆ لادانی شەرمەزاری لەسەر هەمووان. 

كەریم دووپاتی كردەوە كە زانیارییەكانی باس لەوە دەكەن كە عادل عەبدولمەهدی لە دانیشتنی سێشەمی داهاتوو كاندیدانی خۆی بۆ وەزارەتە بەتاڵەكان دەخاتە روو، جیا لە پۆستی ناوخۆ، كە بە وەكالەت بەڕێوەی دەبات تا كاتی رێككەوتنی نێوان هەردوو هاوپەیمانی ئیسڵاح و بینا لەسەر كاندیدێكی تر. 

لەلایەكی تر چەند بەرپرسێكی سیاسی لە بەغدا دەڵێن كە هەوڵێك لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە هەیە بۆ رێگرتن لە پەكخستنی دانیشتنی سێشەمی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، ئەوەیش دوای سەرهەڵدانی تەنگژەیەكی توندی سیاسی بەهۆی كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ لەو حكوومەتە، ئەو هەنگاوەی لەلایەن سەدر و سائیروون و پێكهاتەكانی هاوپەیمانی ئیڵاح رەت كرایەوە. 

ئەندامێكی هاوپەیمانی بینا لەو بارەوە ئاشكرای كرد كە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانیەتییەكە هەوڵ دەدات بەمنزیكانە لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆ ببێتەوە وەك هەوڵێك بۆ قەناعەتپێكردنی بە كاندیدكردنی فەیاز بۆ پۆستی ناوخۆ و تێپەڕاندنی وەزارەتەكانی تریش، روونی كردەوە، بەڵام تا ئێستە هاوپەیمانی بینا هیچ ئاماژەیەكی ئەرێنی پێ نەگەیشتووە.

سەرچاوەكە دەڵێت لە رۆژانی داهاتوو جموجۆڵێكی چڕ دروست دەبێت كە مسۆگەری گەیشتن بە رێككەوتننێك دەكات بەر لە دانیشتنی پەرلەمان لە سێشەمی داهاتوو كە بڕیارە تیایدا دەنگ لەسەر كاندیدانی هەست وەزارەتی ماوەی كابینەی عەبدولمەهدی بدرێت و ئامژاەی كرد، تا ئێستە هیچ گۆڕانكارییەك لە كاندیدانی بینا بۆ وەزارەتەكان نەهاتووە سەرەڕای بەرهەڵستی زۆری سائیروون.

لای خۆیەوە مەهدی تەقی، پەرلەمانتاری فەتح روونی كردەوە، دووشەمی داهاتوو فراكسیۆنە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەكی فرەوان و یەكلاكەرەوە ساز دەكەن لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتننێكی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی كاندیانی وەزارەتە بەتاڵەكان و دووپاتی كردەوە كە پێویستە بەر لە سێشەم رێككەوتن بكرێت و تا ئێستەیش فەیاز كاندیدە بۆ وەزارەتی ناوخۆ.

لای خۆیەوە ئەیمەن شمەری، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون دووپاتی كردەوە كە هەڵوێستیان لە بەرانبەر فەیاز نەگۆڕە و رێگە نادەن دەنگ لەسەر كاندیدانی ئەو وەزارەتە بدرێت ئەگەر فەیاز نەگۆڕدرێت، بۆیە ئەوان نیسابی هەر دانیشتنێك دەشكێنن كە كاندیدبوونی فەیازی تیادا بێت و ئاشكرای كرد كە سائیروون كێشەی لەگەل كاندیدانی حەوت وەزارەتەكەی تر نییە لەوانەیش وەزارەتی بەرگری. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل