د. كاوه مه‌حموود سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان تیشك ده‌خاته سه‌ر دۆخی ناوخۆی حزبه‌كه‌ی و هۆی گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجامی حزبه‌كه له دوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ.
دكتۆر كاوه له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "پێویستییان به پێداچوونه‌وه و چالاككردنی زیاتری كاره حزبییه‌كانیان هه‌یه".
*له سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵوێستی حزبی شیوعی چییه و چۆن ده‌ڕواننه پێكهاته و به‌رنامه‌ی ئه‌م حكوومه‌ته، چی جیاواز ده‌بینن؟
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌و حكوومه‌ته نوێیه پرۆگرامی سیاسیی خۆی بخاته روو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌رچاومان كه‌وتووه، ئه‌و كابینه‌یه سووره له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی ئابووریی كابینه‌ی رابردوو كه له چوارچێوه‌ی زیادكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و له‌سه‌ر بنه‌مای بانكی نێوده‌وڵه‌تییه، پێمان وایه ئه‌م سیاسه‌ته له بواری ئابووری ناتوانێ سیاسه‌تێكی ئابووری دروست بكات كه له خزمه‌تی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش بێت، به‌تایبه‌تی له بواری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، هه‌روه‌ها له بواری خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستی و خوێندنی باڵا.
له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵوێستمان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئابووریی ئه‌م حكوومه‌ته نییه، به‌تایبه‌تی كه رێككه‌وتننامه‌ی واژوو كردووه و وابه‌سته‌یه به مه‌رجه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، له‌لایه‌كی تر ئه‌و پێكهاته‌ی حكوومه‌ت پێك دێنن له‌باره‌ی پرسی نیشتمانی، هه‌ر هه‌موویان به تاك وه‌ك حزب چوونه‌ته به‌غدا و تا ئێسته گفتوگۆكانیان له چوارچێوه‌ی به‌شبه‌شێنه‌ی پله و پایه و پۆسته، ئه‌مه‌یش دیسان كار ده‌كاته سه‌ر پرسه نیشتمانییه كوردستانییه‌كه، بۆیه ئێمه رامان گه‌یاندووه له‌ناو په‌رله‌مان ئۆپۆزسیۆنێكی چه‌پی دیموكرات ده‌بین و به‌م شێوه‌یه خۆمان له ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیستی و ئیسلامی و راستڕۆ جیا ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌ڵوێسته‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌رنامه ده‌بێت كه لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات یان ئۆپۆزسیۆن ده‌یخه‌نه روو.
*له ماوه‌ی ئه‌مساڵدا دوو هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه چوون و ئه‌نجامه‌كان بۆ ئێوه دڵخۆشكه‌ر نه‌بوون، له سایه‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه دۆخی حزبی شیوعیی كوردستان چۆن ده‌بینن؟.
كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن كار ده‌كه‌نه سه‌ر پێگه‌مان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌تایبه‌تی به‌شێكی زۆر له بواره‌كانی كاركردنی فه‌زای گشتیی وه‌ك كاركردن له هێزی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ناوخۆ و ته‌نانه‌ت بوون به به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك، به جۆرێك قۆرخ كراوه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ردوو زۆنی سه‌وز و زه‌رد، جگه له‌وه‌ی پێوه‌ندی به دامه‌زراندنه‌وه هه‌یه، بۆیه ئه‌و هه‌لومه‌رجه بابه‌تییه له‌وانه‌یه له خزمه‌تی ئێمه نه‌بێت وه‌ك حزب، ئه‌وه‌یش مانای ئه‌وه نییه كه هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانمان ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌لومه‌رجی بابه‌تی، ئێمه خۆشمان وه‌ك هه‌لومه‌رجی زاتی كه‌موكوڕیمان هه‌یه و پێویستی به پێداچوونه‌وه‌ی كاره‌كانی خۆمان هه‌یه، پێویستمان به‌وه‌یه رێوشوێنێك بگرینه به‌ر به به‌رده‌وامی پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ داواكاریی جه‌ماوه‌ر هه‌بێت و داكۆكییان لێ بكه‌ین و راستگۆیانه داكۆكی له به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كان بكه‌ین، ئێمه تێكۆشان بۆ پرسی نیشتمانی گرێ ده‌ده‌ین به تێكۆشانی چینایه‌تی و تێكۆشان له‌پێناو ئازادییه دیموكراسییه‌كان.
*به‌مدواییه چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان كران، ئایا ئه‌و ستافه‌ی پێشوو نه‌یانتوانی رۆڵی خۆیان ببینن، یان گۆڕانكاریی ئاسایی و پێویستی قۆناغه‌كه بوون؟.
ئه‌وانه پێوه‌ندییان به قۆناغێكی دیاریكراوه‌وه نییه، ئێمه هه‌موو كاتێك نوێبوونه‌وه ده‌كه‌ین له ئه‌ركه‌كانمان له بواری مه‌كته‌بی سیاسی و دابه‌شكردنی ئیشوكاره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه بنه‌مایه‌ك كه ئیشوكاره‌كان به باشی ئه‌نجام بده‌ین، ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك له مه‌كته‌بی سیاسی بێت یان نه‌بێت، ئه‌دای باشه یان خراپه، بۆیه ئه‌وه‌یان پێوه‌ندی به‌وه‌وه نییه و ره‌نگه هه‌ندێك كه‌سیش خۆی ههڵنهبژاردبێتهوه بۆ مه‌كته‌بی سیاسی، ئه‌مه‌یش هه‌ر ئاساییه، واته ئه‌و گۆڕانكارییه ئاساییه و به‌شێكه له ژیانی ناوخۆیی حزب و پێوه‌ندی به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌وه نییه كه ده‌بوو پێش هه‌ڵبژاردن، هه‌ڵبژاردنی سكرتێر و جێگری سكرتێر و مه‌كته‌بی سیاسیی حزبمان بكردایه، كه دوامان خست به‌هۆی سه‌رقاڵبوون به هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه بوو، بۆیه ئه‌وه نه‌ریتێكی بنه‌ڕه‌تییه و خۆمان له هه‌ر ماوه‌یه‌كدا ئه‌نجامی ده‌ده‌ین.
*بۆچی رێژه‌ی ده‌نگ و ژماره‌ی كورسییه‌كانی حزبی شیوعی ماوه‌یه‌كی زۆره له ئاستێكدا ده‌قی گرتووه، سه‌ره‌ڕای دێرینی حزبه‌كه، هۆكاره‌كان چین؟ ئاخۆ ئێوه له كۆمه‌ڵگه دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه؟.
ئه‌و بابه‌ته پێویستی به توێژینه‌وه‌یه‌كی فره‌وان هه‌یه و پرسه‌كه پێوه‌ندی به كۆمه‌ڵێك بابه‌ته‌وه هه‌یه، به‌شێكی وه‌ك گوتم هه‌لومه‌رجێكی بابه‌تی هه‌یه پێوه‌سته به‌وه‌ی له ئاستی ناوچه‌كه و ناوخۆدا روو ده‌دات، كوردستان دوورگه‌یه‌كی دابڕاو نییه له دنیا و ناسنامه‌ی ئێمه روونه كه پارتێكی شیوعیین، باوه‌ڕی به سۆسیالیستی و كۆمۆنیستی هه‌یه و ئێسته رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ئه‌رك ده‌بێته‌وه له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتمانی به ئاراسته‌یه‌ك ئه‌و ئه‌ركانه له‌گه‌ڵ تێكۆشانی چینایه‌تی و تێكۆشان بۆ ئازادییه دیموكراسییه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پێڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی ئابووری باش تێكه‌ڵ ده‌بێت. تێكڕای ئه‌و بابه‌تانه‌یش ئاوێزهیهك دروست ده‌كات له ئیشوكاره‌كانی.
جگه له‌وه، له‌وانه‌یه خۆشمان وه‌ك هۆكاری ناوخۆیی پێویستیمان به پێداچوونه‌وه و چالاككردنی زیاتری كاره حزبییه‌كانمان هه‌بێت، ئه‌وه‌یش مانای ئه‌وه نییه له وهرچهرخانێكدا بازێكی گه‌وره بده‌ین، بۆ نموونه له یه‌ك كورسییه‌وه بگه‌ین به 10 كورسی، ئه‌وه پێویستی به كه‌ڵه‌كه‌بوونی كارێكی زۆر هه‌یه كه بتوانین كاركردنمان زیاتر له‌ناو جه‌ماوه‌ردا بێت به گوتارێكی سیاسی كه كاركردنی رۆژانه‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌بێت.
*به گشتی ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵك هه‌ن پێشتر شیوعی بوون كه دوورن له كاری حزبی و هاوكات نه‌چوونه‌ته ریزی حزبه‌كانی تریش، ئه‌وان پێیان وایه حزبی شیوعی ناتوانێ رۆڵی كارای هه‌بێت له ژیانی سیاسی‌دا، ئێوه بۆ هه‌وڵ ناده‌ن له‌وان نزیك ببنه‌وه؟.
پێگه‌ی چه‌پ له‌ناو كۆڵگه‌ی ئێمه پێگه‌یه‌كی دیاره و ناتوانین ئێمه قۆرخی كاری چه‌پ یان هزری ماركسی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بكه‌ین، خه‌ڵكانێك و رێكخراویش هه‌ن كه چه‌پ و ماركسین، راستییه‌كه‌ی بۆچوونی ئێمه ئه‌وه‌یه بتوانین كاری هاوبه‌ش بكه‌ین و بۆ ئه‌و كاره هاوبه‌شه شێوازێكمان نییه بۆ سه‌پاندنی به‌سه‌ر به‌رانبه‌ردا و شوناسیش ئێمه شووناسی چه‌پ به كه‌س ناده‌ین و ئه‌و خه‌ڵكه خۆی به كرده‌وه و هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی ئه‌و شوناسه ده‌گرێت، به‌ڵام ئاراسته‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه چۆن كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین شێوازێكی هاوئاهه‌نگی له نێوان لایه‌نه چه‌په‌كان و كه‌سایه‌تییه چه‌په‌كان بنیات بنێین و میكانیزمی گونجاوی بۆ دابنێین و تێكۆشانی ناو جه‌ماوه‌ر گرێ بده‌ین به تێكۆشانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان.
گوتوومانه ئه‌و كورسییه‌ی هه‌مانه له په‌رله‌مانی كوردستان، ته‌نیا به كورسیی حزبی شیوعی حسێبی ناكه‌ین و به كورسیی تێكڕای لایه‌نه چه‌په‌كانی حسێب ده‌كه‌ین، پێمان وایه میكانیزمی وا ده‌دۆزینه‌وه كه بتوانین بوار بده‌ین به كه‌سایه‌تییه چه‌په‌كان و ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێ فراوانتر بێت له ته‌نیا پڕۆژه‌ی حزبی شیوعییه‌وه ببێت و پڕۆژه‌یه‌ك بێت له دیدی چه‌په‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی باش باوێین به ئاراسته‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و پێمان وایه ته‌نیا له په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا ئه‌نجام نادرێت، ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌گه‌ر به مانا سۆسیۆلۆجییهكهیش وه‌ریبگرین، پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، پێویسته ئه‌و هێزانه‌ی بیر له گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌نه‌وه، به ئاراسته‌ی دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و پێشكه‌وتن، كاری هاوبه‌شیان هه‌بێت له‌و بواره.
*پێوه‌ندییه‌كانی حزبی شیوعی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له چ ئاستێكدایه؟.
پێوه‌ندییه‌كانی ئێمه زیاتر له‌گه‌ڵ پارته شیوعی و چه‌په‌كانه و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ به‌غدایش وه‌ك ده‌وڵه‌ت پێوه‌ندیمان نییه، بۆچوونی ئێمه ئه‌وه بووه كه نابێت حزبی سیاسی پێوه‌ندی ببه‌ستێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه یان له‌گه‌ڵ به‌غدا. پێمان وایه ده‌بێت ئه‌و كاره كارێكی ناوه‌ندی بێت كه حكوومه‌تێك نوێنه‌ری كورد و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بێت و سیاسه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا، بۆیه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه كوردستان پێویستی به سیاسه‌تێكی ده‌ره‌كی نیشتمانیی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه دوور له دابه‌شبوون به‌سه‌ر جه‌مسه‌ره‌كانی وه‌ك توركیا و ئێران و ئه‌مه‌ریكا و رووسیا، ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستان له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه بێت.
له‌باره‌ی حزبه شیوعی و چه‌په‌كان، بێگومان ئێمه پێوه‌ندیمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه ئه‌وان وه‌ك ئێمه بیر ده‌كه‌نه‌وه و ئێمه‌یش وه‌ك ئه‌وان، ئێمه رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ئه‌رك ده‌بینه‌وه و هه‌ر حزبێكی شیوعی له هه‌ر وڵاتێك بێ، كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی جیاوازی هه‌یه كه خۆی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا ده‌سه‌پێنێت و پێویسته كار بۆ ئه‌نجامدانیان بكات.
له كوردستان له قۆناغی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستانین به مه‌ودا چینایه‌تییه‌كه و مه‌ودا كاركردنه‌كه‌ی بۆ دیموكراسی و ئازادییه‌كان، كه باسی مافی چاره‌نووسیش ده‌كه‌ین، پێمان وایه پرسێكی كۆمه‌ڵگه‌ییه و ده‌بێ هێزه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه بۆی تێبكۆشن.