ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب خاوه‌نی كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی بڵاوكراوه‌یه به‌ناوی (له چاوه‌ڕوانی پیاوێكی كراس زه‌ردی گوڵگوڵیدا) كه له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی (خه‌ون)ـه. جگه له چیرۆك، خاوه‌نی چه‌ندان شیعری بڵاوكراوه‌یه و له چه‌ندان كۆڕ و فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بیدا به‌شداری كردووه، هه‌روه‌ها چه‌ندان وتار و بابه‌تى وه‌رگێڕانیشى هه‌یه و ئێسته قه‌ڵه‌مێكى تایبه‌ته له دنیاى ئه‌ده‌بیاتى كوردیدا. "وشه" له دیمانه‌یه‌كدا رووبه‌ڕووی چه‌ندان پرسیاری كردووه‌ته‌وه.
ئایا پێوه‌ندییه ئیستاتیكییه‌كانی زمان له پرۆسه‌ی شیعردا چییه و ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی كامانه‌ن؟
بێگومان ژێر ساخته‌كانی ئیستاتیكی له شیعردا زمانه و ته‌نیا له پێوه‌ندیی نێوان وشه‌كانه كه له شیعردا به جوانی ده‌گه‌ین، یا به‌گوته‌ی هایدگه‌ر "پیاسه له یه‌ك شته‌وه به‌سه‌ر شتێكی تردا". ئه‌وه‌ش كاتێك وه‌دی دێت كه شاره‌زاییمان به‌سه‌ر كاركرده‌كانی زمانی شاعیرانه‌دا هه‌بێت، به‌ڵام ته‌نیا پێوه‌ندیی وشه‌كان ناتوانێ ئه‌و داخوازییه بێنێته دی و فۆرمی جوان له شیعردا له لایه‌كه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و مانا چاوه‌ڕوانكراوه‌ی وا خوێنه‌ر له شیعر هه‌یه‌تی، وه‌دره‌نگی بكه‌وێت و له لایه‌كی تره‌وه مانای ده‌ق ده‌توانێ پاش مه‌ودایه‌كی زه‌مانی و لۆجیكی وه‌ربگیرێت.
فۆرم ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه مانا له شیعردا سووڕانێكی بێ كۆتایی هه‌بێت و شیعر له‌و مانایه‌دا شتێك نییه جگه له فۆرمێك له زمان كه مانا وه‌دره‌نگی ده‌خات، پێم وایه ئه‌ركی سه‌ره‌كی زمان له شیعردا دۆزینه‌وه‌ی فۆرمه‌كان و هێنانه كایه‌ی ناوچه جیۆگرافیا نوێیه‌كان بۆ ناو شیعره.
ئایا له شیعره‌كانتدا تا چه‌ند ئاوڕت له منداڵی داوه‌ته‌وه، گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵی چۆن ده‌بینی له ناو نووسیندا؟
پێم وا نییه منداڵیم رۆڵێكی تایبه‌تی له شیعره‌كانمدا هه‌بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه هیچ له روانگه‌كانی من بۆ فرۆید كه‌م ناكات، دیاره من به‌شێوه‌یه‌كی نائاگایانه گرێ ئۆدیبییه‌كانم و ئه‌و مه‌یله سه‌ركوتكراوه‌ی هه‌مه له نووسراوه‌كانمدا ده‌یخه‌مه روو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بمه‌وێت بۆ خۆم له ده‌قه‌كانمدا راسته‌وخۆ كاریگه‌ریم هه‌بێت، گومان ناكه‌م وا بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری تۆ زیاتر له كۆد و نهێنی و ته‌كنیكه‌كانت نزیك ببێته‌وه، چی كۆمه‌كی ده‌كات و له چییه‌وه ده‌ست پێ بكات؟
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له كۆد و نهێنییه‌كانی شیعری من نزیك بێته‌وه من چی بكه‌م؟ ئه‌وه راست هه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی ئێوه‌یه به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی تر، ئه‌وه‌ش كاری شاعیر نییه، به‌ڵام ده‌بێت ئاماژه به‌وه بكه‌م كه خوێنه‌ر به‌شێكه له شیعری من، واته ته‌واوكه‌ری شیعره‌كانمن به‌شێوه‌یه‌ك كه له هێنانه لای یه‌كی وشه‌كان و ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی وا سازی ده‌كه‌ن و چ موزیكێك به شیعر بده‌ن و كۆد و نهێنییه‌كانی چی بن، هه‌موو ئه‌وانه بۆ خوێنه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته ساز ده‌كه‌ن كه نهێنییه‌كانی شیعری خۆیان بدۆزنه‌وه.
خوێنه‌ری شیعری من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به‌شێكه له شیعر، ئازادیشه كه له‌زه‌تی تایبه‌تی خۆی له ده‌ق به‌رێت و سه‌مای داله‌كان، بێ ئه‌وه‌ی بچێته ژێرخانی مه‌دلوولێكه‌وه چاو لێ بكات. من پێم وا نییه شیعر ئه‌وه بێت كه به خوێنه‌ری بسه‌پێنی و بڵێی ئه‌وه‌یه كاوێژی من و و تۆش ده‌بێت ئاوا بیبینی، پێم وایه خوێنه‌ر كاتێك خۆی له شیعر ده‌گات، زیاتر هه‌ست به ئۆرگازم ده‌كات و ئه‌وه‌یه هونه‌ری شیعر.
ئایا گرفتی ڕه‌خنه‌ی كوردی نه‌بوونی میتۆد و تیۆری ئه‌ده‌بییه؟
پێم وا نییه، هه‌رچه‌ند تیۆرییه نوێیه‌كان پێویستییه‌ك بن بۆ وێژه. پێشم وا نییه كه گرفتی ره‌خنه‌ی كوردی به پێچه‌وانه‌ی نووسه‌رانمان نه‌بوونی ره‌خنه‌گری كورد بێت، هه‌رچه‌ند دیسان ره‌خنه‌گری خێڵه‌كیی و عه‌شیره‌تیمان زۆر بێت و نه‌بوونی بوێری و كێشه و خۆپاراستن له دووباره‌كاریش ئه‌ركێك بێت. به‌ڵام ئه‌وه له كێشه‌ی سه‌ره‌كیمان كه نه‌بوونی دیسكۆرس (ئاخاوتن)ـه كه‌م ناكاته‌وه، من پێم وایه ده‌قێكی ڕاچڵه‌كێنه‌ره كه گوتار ساز ده‌كات، هه‌ر ئه‌و شته‌ی كه له رۆژهه‌ڵاتدا ڕووی دا و چه‌ند ده‌قێكی رژد سه‌ریان هه‌ڵدا و ئاخاوتنیان له هه‌مبه‌ر ساز بوو.
ئایا قه‌د تووشی ئه‌وه بوویته له دوای نووسینی ده‌قێك، بۆ ماوه‌یه‌ك له نووسیندا بێده‌نگ بووبیت و كه‌وتبیته دڵه‌ڕاوكه، ده‌كرێت باسی حاڵه‌ته‌كانی نووسینت بكه‌یت؟
وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیاره كه‌مێك دژواره، به‌تایبه‌ت بته‌وێت باس له ده‌روونیی خۆت بكه‌یت و دڵنیا نه‌بی له راست و دروستبوونی قسه‌كانت له هه‌مبه‌ر ئه‌و شته‌ی دوای نووسین دێته دی، پێم وایه هه‌ر ئه‌و شته‌ی بارت باسی لێ ده‌كات، بۆ من باشترین وه‌ڵام بێت: نه‌شه‌بوون، به‌ڵام نه‌شه‌بوونی من له دووپاتبوونه‌وه‌یه‌كی ئایدۆلۆجیكدا ڕوو نادات، به‌ڵكو له نوێبوون و دۆزینه‌وه‌دایه.
ئێسته له نووسیندا خه‌ریكی چیت و چیت له هه‌گبه‌دایه؟
ته‌نیا و ته‌نیا خه‌ریكی ئه‌زموونكردن و سه‌ركێشان له دنیای وێژه‌دام و ده‌فته‌ره شیعرێكم ئاماده‌یه، به‌ڵام نه من په‌له‌ی بڵاوكردنه‌وه‌یم هه‌یه و نه مۆڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌شیان پێ ده‌درێت. كۆمه‌ڵه وتارێكیشم ئاماده‌یه كه ورده ورده بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه.