پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری هەولێر كۆبوونەوە بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی كانوونی یەكەم، لە شاندی دانوستانكاری نێوان ئەو دوو حزبە پارتی شاندێك بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار زێباری، كاكەمین نەجاڕ، مەحموود محەمەد، عزەدین بەرواری و رێبوار یەڵدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و چەند ئەندامێكی تری سەركردایەتی پارتی بەشداری كۆبوونەوەكەن.
هەرچی شاندەكەی بزووتنەوەی گۆڕانە پێكهاتوون لە عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی و رەئووف عوسمان، جەلال جەوهەر، شۆڕش حاجی، محەمەد تۆفیق رەحیم و ئاسۆ رەحیم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە هەولێر.
دوێنێ كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی بەڕێوە چوو و بەپێی راگەیەنراوی فەرمی كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی، باس لە دابەشكردنی پۆستەكان نەكراوە، بەڵام دووپات لە كاری پێكەوەیی و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان كراوەتەوە.
تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان سوورە لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و خاڵبەندی و كۆبوونەوەشی تەنیا لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كردووە.
لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا وەك حزبی یەكەم مافی پێكهێنانی حكوومەت هەیە و یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسی و حزبەكانی تریش لە خوارووی 10 كورسییان بەدەستهێنا.