مەسروور بارزانی پێشوازی لە وەزیری كاروباری مرۆیی پۆڵۆنیا كرد

:: PM:01:20:12/12/2018 ‌
مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (بێئاتا دێمپا) وەزیری كاروباری مرۆیی كۆماری پۆڵۆنیا و شاندی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك شارەزای فریاگوزاری مرۆیی و سەرۆكی رێكخراوی خێرخوازی پێكهاتبوو.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی كانوونی یەكەم، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (بێئاتا دێمپا) وەزیری كاروباری مرۆیی كۆماری پۆڵۆنیا و شاندی یاوەری كرد، كە لە ژمارەیەك شارەزای فریاگوزاری مرۆیی و سەرۆكی رێكخراوی خێرخوازی تاوتوێكردنی پەرەسەندن و رەوشی ناوچەكە بە گشتی، دووپات لە پێویستی بە دەنگەوە هاتنی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرایەوە و هانی رێكخراوە مرۆییەكان و دەوڵەتانی دنیا درا، كە یارمەتییە مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان چڕتر بكەنەوە.

مەسروور بارزانی پێوەست بەو بابەتە تیشكی خستە سەر فەرهەنگی مرۆڤ دۆستی و لێبوردەیی گەلی كورد و رای گەیاند، گەلی كورد لە سۆنگەی فەرهەنگی مرۆڤ دۆستیی رەگداكوتاوی كۆمەڵگەی كوردستان، خزمەتكردن و داڵدەدانی ئەو ئاوارانە بە ئەركێكی مرۆیی بەرز دادەنێ ، كە لە ترسی ستەم و توندوتیژی لە ناوچەكانی تری عێراق و دەوروبەرەوە پەنایان بە هەرێمی كوردستان هێناوە.

هەر لەو دیدارەدا ئاماژەی دا بە هۆكاری رێگرییەكانی بەردەم دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكان.

لەلای خۆیەوە وەزیری كاروباری مرۆیی پۆڵۆنیا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانكردنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیوای سەركەوتنی بۆ مەسروور بارزانی خواست لە بەربژێركردنی بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دواتر وێڕای روونكردەوەی مەبەستی سەردانەكەی، پوختەیەكی لە كار و چالاكییەكان و سیاسەت و بەرنامەی وڵاتەكەی بەرامبەر كەمینە ئاینەكان و ئاوارەكان خستەڕوو، كە یارمەتیدانیانە لە شوێنی بنەڕەتی خۆیان. هەروەها حەوانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانی بەرز نرخاند و رای گەیاند، ئەوەی هەرێمی كوردستان لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی سەرەتایی و پەروەردە و خوێندن بۆ ئاوارەكانی دابین كردووە، كارێكی مرۆیی گەورەیە و جێی شانازیی هەمووانە. دووپاتی لە هاوكاری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لە بواری پێشكەشكردنی یارمەتی مرۆیی زیاتر كردەوە.

پەرەپێدان و بەردەوامیدان بە پێوەندییە دووقۆڵییەكان و راوێژكاری لە بواری كاری مرۆیی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری پۆڵۆنیا و رێكخراوە خێرخوازە خۆجێیەكان، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی و خاتوو بێئاتا بوو.



وشە - رامیار جەواد