نێچیرڤان بارزانی: پرەنسیپی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی بەردەوام دەبێت

:: PM:01:25:12/12/2018 ‌
لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری كاروباری مرۆیی پۆڵەندا، نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند، هەرێمی كوردستان لە ڕابردوو و ئێستە و داهاتوویشدا لەسەر پرەنسیپی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی بەردەوام دەبێت و زیاتر جێگیری دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی كانوونی یەكەم، سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەیاتا كامپا وەزیری كاروباری مرۆییی پۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد.

كامپا سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن و حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و هاوكاریكردنیان و، هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ هاوكاریكردنی زیاتری ئاوارەكان بە پێویست زانی و ئامادەیی وڵاتەكەیشی لەوبارەیەوە نیشان دا، هەروەها پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستاندا بەرز نرخاند و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی بۆ چارەكردنی كێشەكان، بە جێی ڕێز و پێزانین وەسف كرد.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای خواست شاندی میوان لە میانی سەردانەكەیاندا‌ وێنەیەكی ڕوونیان لەسەر دۆخی هەرێم و  ئاوارەكان دەست كەوتبێت و دووپاتی كردەوە، كە هەرێمی كوردستان لە ڕابردوو و ئێستە و داهاتوویشدا لەسەر پرەنسیپی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی بەردەوام دەبێت و زیاتر جێگیری دەكات، هەروەها ستایشی ڕۆڵی لایەنی نێودەوڵەتی كرد لە دروستكردنی متمانە بۆ ئاوارەكان تا لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، نێچیرڤان بارزانی پوختەیەكی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی پێكهاتە جیاوازەكان لەلایەن خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانەوە‌ خستە ڕوو، سوپاسی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی كرد بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران و، هیوای خواست پۆڵەندا لە یەكێتیی ئەوروپا هەوڵی زیاتر گەیاندنی دۆخی ئاوارە و پەنابەران بدات تا  بە هەموو لایەك ڕەوشی ژیانیان باشتر بكرێت.



وشە - رامیار جەواد