گواستنەوە و گەیاندن: پڕۆژەی ستی پاسی هەولێر خۆمان ئەنجامی دەدەین

:: PM:02:43:12/12/2018 ‌
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، پڕۆژەی ستی پاسی هەولێر خۆمان ئەنجامی دەدەین ئەوەیش دوای وەرگرتنی پاسەكانی شارێكی ئەڵمانیا.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی كانوونی یەكەم، لە ڕوونكردنەوەیەكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هاتووە، جێبەجێكردنی پڕۆژەی سیتی پاس و بایەخدان و پێشخستنی كەرتی گواستنەوەی گشتی، بەشێكی گرنگی پلانی ستراتیجی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە.

گواستنەوە ئاشكرای كردووە، لە بەهاری ٢٠١٧ دا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ئاگەداری مەولوود مورادی وەزیری پێشووی گواستنەوە و گەیاندنی (بە وەكالەت) كردەوە كە لەگەڵ پارێزگاری شاری دۆسڵدرۆفی ئەڵمانیا رێككەوتوون و بڕیاریان داوە، پاسەكانی ئەو شارەی ئەڵمانیا وەك دیاری پێشكەشی شاری هەولێر بكرێت و ژمارەیان (٤٠٠) پاسە و لە رێكخستن و كاری تەكنیكی پڕۆژەكەش هاریكار دەبن.

ئاماژە دراوە، داواكاری كۆمپانیای (باند) بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە لە شاری هەولێردا، نووسراوێكیان ئاراستەی وەزارەتمان كردووە و دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە نووسراوێكیان بە ژمارە (٥٢١) لە رۆژی ( ١٠-٤-٢٠١٨) ئاراستەی دەستەی گشتی وەبەرهێنان كردووە، لە نووسراوەكەدا هاتووە (لەبەر بەرژەوەندی گشتی ئێمە لاریمان نییە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە ، تكایە لە رای خۆتان ئاگادارمان بكەنەوە )، هەروەها بەرێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە نووسراوێكی تریان بۆ وەزارەت ناردووە و تیایدا هاتووە، ئەم داواكارییەی كۆمپانیای (باند) بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز بكرێتەوە، بۆ وەرگرتنی دید و بۆچوونیان، بەڵام تا ئێستە وەزارەتمان بۆ ئەم مەبەستە هیچ نووسراوێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران نەكردووە.

ئاشكرا كراوە، لاری نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە بە مانای مۆڵەت پێدانی كۆمپانیاكە نایەت، چونكە پێدانی رەزامەندی تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیرە و بە گرێبەست و فەرمانی وەزاری رێك دەخرێت.

لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكە ئەوەیش هاتووە، لەبەر ئەوەی ئەو پاسانە بە دیاری بۆ هەولێر دێنە ناردن كە پێشتر ئاماژەمان بە ژمارەیان كردووە، كەواتە پێویست ناكات مۆڵەت بە كۆمپانیای كەرتی تایبەت بدەین بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، بەڵكو بە هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و پارێزگای هەولێر پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێت.

 هاوكات محەمەد عەبدوڵا خاوەنی پڕۆژەكە بە "وشە"ـی ڕاگەیاندن دوینێ‌ سەردانی شارەوانی هەولێرم كردووە و پارچە زەوییەكی ترییان بۆ دیاری كردووم ئەمڕۆ بڵێن پڕۆژەكە ناكرێت ڕێگەی دادگا دەگرمەبەر.

پڕۆژەی ستی پاسی هەولێر، یەكێكە لە ناوازەترین پڕۆژەكانی گواستنەوە لەسەر ئاستی عێراق، بە جۆرێك بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، چیتر بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ناو شار سوودی نامێنێ و كات و شوێنی گواستنەوەی 24 سەعاتی بۆ هەولێرییەكان دابین دەكرێت، بەڵام لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و بەرپرسانی شارەوانیی هەولێر، رێگری لێ دەكرێت و كێشە بۆ پڕۆژەكە دروست دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد