گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای گەیاند، نازانن كەی كۆبونەوەی داهاتوویان لەگەڵ شاندی پارتی ئەنجام دەدەن و دەڵێت، یەكێتی سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ی كانوونی یەكەم، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هێشتا نازانن كەی لەگەڵ شاندی دانووستانكاری پارتی كۆ دەبنەوە و بەرنامەی ئەوان چییە، بەڵام هەركات كۆبوونەوە لە ماوەی یەك دوو سەعاتدا پرسەكان یەكلا دەكەنەوە.
گوتەبێژی یەكێتی رای گەیاند، یەكێتی شاندێك بۆ سەردانی لایەنەكان پێكدەهێنێت و سەردانی هەموو لایەنەكان دەكات، بەڵام هێشتا كاتەكەی دیاری نەكراوە.
ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ شاندی باڵای گۆڕان و پارتی لە هەولێر بۆ پرسی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و دوێنێش كۆبوونەوەیەك لەنێوان پارتی و یەكێتی بۆ هەمان مەبەست بەرێوەچوو، بەڵام هێشتا پرسی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان لەنێوان لایەنەكان یەكلا نەكراونەتەوە.
سلێمانی/ هەستیار