ئەمڕۆ چوارشەم شۆفێرانی هێلی سۆران و حاجی ئۆمەران گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان دژی بڕیارێكی شارەوانی ئەنجامدا ئەوەیش بەهۆی گواستنەوەی شوێنی وەستانیان و ئەمڕۆیش هیچ سەرنشینێكی ئەو هێڵە نەگواستراوەتەوە و كاریان نەكردووە.
خەبات جەوهەر شۆفێری هێڵی حاجی ئۆمەران و یەكێك لە بەشداربووانی گردبوونەوەكە بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەیەكە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سۆران بڕیاری گواستنەوەی شوێنی وەستانی شوفێرانی هێلی سۆران – حاجی ئۆمەرانیان دەكردووە و وەك دەربڕینی ناڕەزاییش بەرانبەر ئەو بڕیارە ئەمڕۆ گردبوویەوەیەك لەلایەن ئەو شۆفێرانەوە بەرێوەچوو.
روونیشی كردەوە كە ئەو شوێنەی ئێستە شوفێران لێی ڕادەوەستن موڵكی شارەوانی نییە و لەسەر ئەركی خۆمان بە كرێ گرتوومانە، شوێنێكی نزیك بازاڕە و گونجاوە، بەڵام ئەو شوێنەی شارەوانی دیاری كردووە زۆر لە دووری بازاڕە و هیچ سیمایەكی خزمەتگوزاری پێوە نییە. ئەو شۆفێرە گوتی، بڕیاری گواستنەوەی شوێنی ئەو شۆفێرانە كاریگەری نەرێنی دەكاتە ژیان و گوزەرانیان.
لای خۆیەوە ئەندازیار ئەمیر فاخیر بەڕێوەبەری شارەوانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەمەبەستی رێكخستنی بازاڕ و جوانكردنی سیمای شار چەند بڕیارێكمان دەركردووە و یەكێك لەو بڕیارانە گواستنەوەی گەراجی شوفێرانی هێلی سۆران – حاجی ئۆمەرانە، چونكە ئەو شوێنە لە نێو بازاڕە و بووەتە هۆی دروست بوونی قەرەباڵغی زۆر.
بەڕێوەبەری شارەوانی سۆران دەڵێت " شوێنێكی گونجاومان بۆ دیاری كردوون لە نزیك پاڕكی گوڵان، پێویستە شوفێران هاوكارمان بن و لەوێ كارەكانیان ئەنجام بدەن، لە ماوەیەكی نزیكیشدا سەرجەم خزمەتگوزاریە پێویستییەكانی وەك، هۆڵی چاوەڕوانی، شوێنی حەوانەوە، مزگەوتیان بۆ دروست دەكەین".
هێلی سۆران – حاجی ئۆمەران ماوەی چەند ساڵێكە دامەرزاوە بەهۆی بوونی دەروازەی نێودەوڵەتی نێوان كوردستان و ئێران لە شارەدێی حاجی ئۆمەران، رۆژانە ئەو هێلە هاتوچۆی زۆری بەسەرەوەیە و 85 شوفێر رۆژانە كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان دەكەن .
سۆران/ موڕشید برادۆستی