سۆلاری ناوی ئەو یاریزانانە ئاشكرا كرد كە ئەمشەو یاری دەكەن

:: PM:05:50:12/12/2018 ‌

سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ناوی سەرجەم ئەو یاریزانانەی تیپەكەی ئاشكرا كرد كە لە یارییەكەی ئەمشەو لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی سیسكا مۆسكۆی رووسی یاری دەكەن.

ئەمشەو سەعات 8:55 بەكاتی كوردستان، یانەی ریال مەدرید لە دوایین گەڕی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداریی یانەی سیسكا مۆسكۆ دەكات.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید بۆ یارییەكە چەند یاریزانێكی بە هۆكاری جیاواز دوورخستۆتەوە لەوانەش سێرجیۆ رامۆس و كاسیمێرۆ، دانی سیبایۆس، لوكا زێدان و ناچشۆ، سێرجیۆ ریجیلۆن و ماریانۆ دیاز.

ئەو یاریزانانەی كە سۆلاری بۆ یارییەكەی ئەمشەو بانگهێشتی كردوون برێتین لە:-

گۆڵپارێز: ناڤاس، كاسیا و كۆرتوا.

بەرگری: كارڤاخال، ڤاییخۆ، ڤاران، مارسێلۆ، ئۆدریۆزۆلا و چاڤی سانچێز.

ناوەڕاست: كڕووس، مۆدریچ، ڤالڤێردی، یۆرێنتی، ئەسینسیۆ و ئیسكۆ.

هێرشبەر: بەنزیما، بێڵ، ڤاسكێز و ڤینسیوس.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید بەر لە ئەنجامدانی یارییەكە لە كۆمەڵەی حەوتەم سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مسۆگەر كردووە بەهۆی ئەوەی لە پێشەنگی كۆمەڵەكەیە بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ و دوای ئەویش یانەی رۆمای ئیتاڵیش سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر كردووە بە 9 خاڵ، هەروەها هەردوو یانەی سیسكا مۆسكۆ و ڤیكتۆریا بلزنی چیكیش 4 خاڵیان هەیە و بەجیاوازی گۆڵ لە ریزی سێیەم و چوارەم دێن، ئەم دوو یانەیەی دوایی ركابەری لەسەر سەركەوتن بۆ خولی ئەوروپا دەكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م