قایم.. گۆڕەپانی جەنگی میلیشیاكانی حەشد و سوپای ئەمەریكا

:: PM:07:15:12/12/2018 ‌

تا دێت بارگرژییەكانی سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا توندتر دەبنەوە و میلیشیاكانی شیعە بە وردی چاودێری جولەی سوپای ئەمەریكا دەكەن. سەركردەیەكی میلیشیاكانیش دەڵێ، ئەمەریكا گەورەترین هەڕەشەیە بۆیان نەك داعش. چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی قایم دەبێتە خاڵی بەریەكەوتنی سوپای ئەمەریكا و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.

رۆژانە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بەسەر ئاسمانی سنووری هاوبەشی نێوان عێراق و سووریا دەخولێنەوە كە ئامانجیان لێدانە بە پاشماوەی داعش كە هەسەدە هاوپەیمانی ئەمەریكا ماوەی دوو مانگ زیاترە لەگەڵ داعش لە شەڕ دایە بۆ رزگاركردنی دوا ناوچە كە دوا مۆڵگەی داعشە لە سووریا.

لە باشووری رۆژهەڵاتی فوڕات، هێزەكانی سوپای ئێران هەن، بە دیوی عێراقیش میلیشیا چەكدارەكانی حەشد هەن كە سەر بە ئێرانن، ئەوان جولەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بە گەورەترین هەڕەشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەر خۆیان هەژمار دەكەن و پێیان وایە هەڕەشەی سوپای ئەمەریكا لە ناوچەكەدا لە هەڕەشەی داعش مەترسیدار ترە.

قاسم موسلیح سەركردەی هێزێكی میلیشیای شیعە كە لەسەر تەپۆڵكەیەكی بیابانەكانی ئەنبار لەسەر سنووری هاوبەشی عێراق لەگەڵ سووریا وەستاوە و بە دووربینەكەی چاودێری جولەی چەكدارانی داعش لەناو خاكی سووریا دەكات بە تایبەت لە شارۆكەی بوكەمال.

موسلیح كە سەركردەی ئۆپراسیۆنی رۆژئاوای ئەنبارە و لە شارۆكەی قایم جێگیرن، دەڵێ ئەمەریكییەكان بە هەموو شێوەیەك سیخوڕیی بەسەر حەشد دەكات، بەرەنگاری هەر هێزێك دەبینەوە كە بیەوێت دەست بۆ سەروەری و پیرۆزییەكانی عێراق ببات.

موسلیح لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ "رۆیتەرز" دووپات لەوە دەكاتەوە كە سوپای ئەمەریكا بۆ ئەوان مەترسی زیاترە لە تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك تەنیا سووریا و عێراق.

ئەو قسانەی موسلیح لە كاتێكدایە هێزەكانی حەشدی شەعبی ژمارەیەكی زۆریان لەسەر سنوور جێگیر كراون لە ترسی دزەكردنی سەتان چەكداری داعش لەودیو سنووری سووریا بۆ شارەكانی عێراق، سەركردەی ئەو هێزەیش داوا دەكات بە فەرمی لەو ناوچەیە جێگیر بكرێن و ئەركی پاراستنی سنووریان پێ بسپێردرێت.

دوای سەركەوتن بەسەر داعش لە عێراق دا، ئێستە هێزەكانی حەشدی شەعبی سوپای ئەمەریكا بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دادەنێن، ئەمەش لە كاتێكدایە كۆشكی سپی ئەمەریكی نایشارێتەوە كە كار بۆ لە قالبدانی هێزەكانی سەر بە ئێران دەكات لە ناوچەكەدا چ لە عێراق بێت یان سووریا، لبنان و تەنانەت فەڵەستین و یەمەنیش.

بەڵام گوتەبێژ بە ناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات رەتی دەكاتەوە سیخوڕی بەسەر میلیشیاكانی حەشد بكەن، دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر چڕ كراوەتەوە لە شكست هێنان بە داعش.
 
لەگەڵ ئەوەی ئەمەریكا و ئێران شەڕ دژ بە دوژمنێكی هاوبەش دەكەن، بەڵام بەرانبەر بە یەكتری زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەكەن، ئەمەیش وایكردووە مەترسییەكان زیاتر ببێت و ئەگەری تەقینەوە و بەریەك كەوتنی لێ بكرێت. میلیشیاكان حەشدی شەعبی كە بە فەرمی بوونەتە بەشێك لە هێزی تەناهی عێراقی، چەند گرووپێكیان لە ناو خاكی سووریان و هاوشانی سوپای ئێرانی شەڕ دەكەن، تەنانەت بەشێك لە سەربازانی ئێرانیش لە شارۆكەی قایم لە سنووری پارێزگای ئەنباری هاوسنووری سووریا بینراون.

ئەوەی ئاشكرایە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە زیاتر لە 60 گرووپی چەكدارن، زۆرینەیان نایشارنەوە كە بڕیار لە خامنەیی وەردەگرن لە رێی قاسم سولێمانی سەركردەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.

ئەبو سەیف تەمیمی سەركردە لە میلیشیاكانی حەشد دەڵێ، ئەوان كۆنتڕۆڵی 240 كیلۆمەتری سنووری هاوبەشی عێراق و سووریایان كردووە، هاوكات قاسم موسلیح دەڵێ، توانایان هەیە پارێزگاری لە عێراق بكەن، پێویستیان بە پشتیوانی سەربازی ئەمەریكا نییە.

بەڵام سەركردەی گرووپێكی تری میلیشیاكانی حەشد كە سەر بە ئێران نییە، دەڵێ فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هێزی یەكلایی كەرەوە بوو لە شكست پێهێنانی داعش لە عێراق كە ئۆپراسیۆنەكە سێ ساڵی خایاند و پێشمەرگەش تێیدا بەشدار بوو.

ئێستە ئەمەریكا بنكەیەكی سەربازی لەسەر رێگای شارۆكەی قایم هەیە، رۆژانە لەوێ هاتوچۆ دەكەن و بەناو هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەڵام لای رۆژئاوای قایم بە تەواوی لەلایەن میلیشیاكانی حەشد كۆنتڕۆڵ كراوە و هیچ ئاماژەیەكی هەبوونی سوپای عێراقی لەوێ نابینی، تەنانەت ئەو ئاڵایانەی هەڵكراون لەسەر بارەگاكان هەر هەمووی هی گروپە میلیشیا جیاوازەكانن و زۆریش نزیكن لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا.

پێوەند بە سووریا كە ئەمەریكا پشتگیری لە هەسەدە دەكات كە هێزێكی كوردییە و كۆنتڕۆڵی زۆرینەی رۆژهەڵاتی فوڕاتی كردووە و لە چنگی داعشی دەرهێناوە، بەڵام لەوبەری رۆژهەڵاتی فوڕات سوپای سووریا هەن كە لەلایەن ئێران و رووسیا و حەشدی شەعبی پشتگیری دەكرێن و نزیكن لەسەر سنوور.

لە مانگی حوزەیران/ یۆنیۆی رابردوو، بارگرژی كەوتە نێوان سوپای ئەمەریكا و میلیشیاكان حەشدی شەعبی، كاتێك فڕۆكەیەكی جەنگی ئەمەریكی 22 چەكداری میلیشیاكانی لەسەر سنوور كوشتن و ئەوانیش هەڕەشەی تۆڵە سەندەوەیان كرد، بەڵام ئەمەریكا ئەو هێرشەی رەت كردەوە و رای گەیاند كە هیچ كردەیەكی سەربازییان بۆ سەر میلیشیاكانی حەشد ئەنجام نەداوە.

بەرپرسێكی ئەمەریكی كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، دەڵێ هیچ كات چاوەڕوان كراو نییە میلیشیاكانی شیعە هێرشێكی بەرفراوان بكەنە سوپای ئەمەریكا تا ئەو كاتەی بەیەكجاری داعش لە ناو دەچێت.

"دوای داعش چی روودەدات؟ ئەوە ئەو پرسیارە هەمووان لە خۆیان دەیكەن و كەسیش وەڵامی دروستی لەلا نییە". بەرپرسە ئەمریكییەكە وای گوت.

فیلیپ سمیس شیكەرەوە لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك دەڵێ، میلیشیاكانی حەشد هێزێكن دەیانەوێت شەڕ دروست ببێت، تەنانەت ئەگەر هەردوولا خۆیشیان لەو شەڕە لابدەن.

روونی كردەوە زۆرینەی میلیشیا شیعەكانی گەورە لە رووی هێزە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێت و لە نزیك قایم هێزیان جێگیر كردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین قایم ئەو خاڵە گەرمەیە لەسەر نەخشە ئەگەری سەرهەڵدانی بەگژداچوونەوە و شەڕی لێ دەكرێت، گوتی "روون و ئاشكرایە كە ئەمەریكا هێزی وەك پێویستی لەوێ نییە تا بتوانێت بە ئارەزووی خۆی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكات، ئەوان تەنیا چەند هەزارێكن".

لە بارەی هێزی حەشد لە ناوچەكەدا كە كۆی گشتی نزیكەی 150 هەزار چەكدار دەبێت، موسلیح دەڵێ نزیكەی 20 هەزاریان ل نزیك سنوور و دەوروبەری قایم بڵاوە پێكردووە و ئامادەكارییەكانیش بەردەوامن. ئەمە لە كاتێكدایە ئێران لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دابینكردنی رێڕەوێكی ئارامی وشكانی كە تاران بە بەیروت ببەستێتەوە لە رێگەی عێراق و سووریا.
 
بەرانبەر بەو پلان و نەخشەیەی ئێران، ئیدارەی كۆشكی سپی دووپات لەوە دەكاتەوە كە گورزی سەربازی لە هەر هەوڵێكی ئێرانی دەدەن. جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە مانگی ئەیلولی رابردوو رای گەیاند سوپای ئەمەریكا عێراق و سووریا جێ ناهێڵێت تا ئەو كاتەی هێزەكانی ئێرانی لە ناوچەكەدا لە دەرەوەی سنووری ئێران هەبن، تەنانەت ئەو هێزانەشی شەڕی بە وەكالەت بۆ ئێران دەكەن.

 
كۆلۆنیل شۆن رایان گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رای گەیاند كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هێزی تەناهی عێراقی هەیە و هەموو بڕیارەكان بە هاوبەشی دەردەكرێن.

ئەمە لە كاتێكدایە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هاوبەشی ئەمەریكا نین و رۆڵ و هێزی بەرچاویان لە عێراق هەیە، ئەمەش هاوئاهەنگی نێوان واشنتن و بەغدی ئاڵۆز كردووە، بە تایبەت كە میلیشیاكانی حەشد پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە و تەنانەت باڵی سیاسییان هەیە و بەشدارن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و نایشارنەوە كە هەوڵدەدەن بۆ كۆتایی هاتنی بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق.

موسلیح لە بارەی هاوئاهەنگی سوپای ئەمەریكا و سوپای عێراق دەڵێ سوپای عێراق هێشتا لەوە نەگەیشتووە كە بوونی ئەمەریكییەكان چەندە مەترسیدارە.

هاوكات قەیس خەزەعەلی سەركردەی عەسایب ئەهل حەق كە 15 كورسی پەرلەمانی هەیە، نا یشارێتەوە و دەڵێ نابێت چیتر سوپای ئەمەریكا لە عێراق بمێنێتەوە.

هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن دوای لەناوچوونی داعش، ئەگەر سوپای ئەمەریكا بڕیاری مانەوە لە عێراق بدات ئەگەری زۆرە لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەریەك بكەن و شەڕ رووبدات، بە تایبەت دوای ئەوەی ئیدارەی كۆشكی سپی ئەمەریكی چەند گروپێكی میلیشیای حەشدی خستە لیستی تیرۆر.

حەشدی شەعبی ساڵی 2014 دوای فتوایەكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق دامەزرا و پاشان بە یاسا رێكخرا، لە سەرەتادا لەلایەن ئێرانەوە كۆمەكی دارایی و راهێنانیان پێ دەكرا، بەڵام ئێستە حكوومەتی عێراق بودجەی تایبەتی بۆ دابین كردوون و پشتگیرییان دەكات.



وشە - فه‌رمان سادق