سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە بڕیارە لە دوای پشووی سەری ساڵی نوێ، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تری عێراق كۆببنەوە.
سەرچاوەكە روونی كردەوە، لە دوای پشووەكانی سەری ساڵی نوێی 2019، شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی بەغدا دەكات و چاوی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تر دەكەوێت.
لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو سەردانە سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، شاندەكە لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس لەو دۆسیانە دەكەن كە سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشتر لەكاتی سەردانی بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی كردبوون بەتایبەتی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، ئەوەیش بە مەبەستی گەیشتن بە لێكگەیشتن لەبارەیانەوە.
شایەنی باسە سەرۆك مەسعوود بارزانی لە 22ی تشرینی دووەمی رابردوو سەردانی بەغدای كرد و چاوی بە هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و نووری مالیكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و سەرانی سیاسی سوننە و لە نەجەفیش چاوی بە موقتەدا سەدر كەوت.