د.بەشیر حەداد: پرۆسەی سیاسی لە عێراق بە تەنگژەدا تێپەڕ دەبێت

:: PM:09:58:12/12/2018 ‌

ناكۆكییەكان لەبارەی تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بەردەوامە و كاری حكوومەت و پەرلەمانیشی پەك خستووە، د. بەشیر حەداد جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە بەهۆی تێپەڕ نەكردنی تەواوكەری كابینەی حكوومەتی عێراق، پرۆسەی سیاسی لە تەنگژەدایە و چەقی بەستووە.

عادل عەبدولمەهدی لە دووی تشرینی یەكەم هاتە راسپاردن بۆ پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق لە 24ی تشرینی یەكەم دەنگی بە پرۆگرامی حكوومەت و 14 وەزیری كابینەكەی دا، بەڵام ناكۆكی بۆ پڕكردنەوەی هەشت وەزارەتی كابینەی حكوومەتەكەی  تا ئێستە كارەكانی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆگرامی حكوومەتەكەی پەك خستووە، جیا لە پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆكی لیژنەكان.

حەداد ئەمڕۆ چوارشەم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەسەر تەوافوقی سیاسییەوە بنیات نراوە كە كارەكان لەناو لیژنەكانی پەرلەمان بەڕێوە دەبات، بۆیە ئەو كاتەی رێككەوتن لە دەرەوەی پەرلەمار نەبێت، لەناو هۆڵی پەرلەمانیش نابێت.

ئەمڕۆ حەسەن سنێد، سەركردە لە هاوپەیمانی ئیسڵاح كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات ئاشكرای كرد گفتوگۆ لە نێوان ژمارەیەك لە سەرانی سیاسی عێراق هەیە بە مەبەستی گۆڕینی فالح فەیاز، كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ و دەربازكردنی حكوومەت لەو تەنگژەی تێی كەوتووە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل