چارەنووسی تیریزا مای چی دەبێت؟

:: PM:10:44:12/12/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی بەریتانیا رای گەیاند كە تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بە پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی راگەیاندووە كە لە هەڵبژاردنی داهاتوو رابەرایەتیان ناكات، ئەوەیش بەر لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە كە ئەمشەو بەڕێوە دەچێت و ئەنجامەكەیشی دەردچێت.

مای لەو دەنگدانە بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی پێویستی بە زۆرینەی دەنگەكان هەیە و ئەگەر بیباتەوە، تا ساڵێكی تر كەس ناتوانێت ركابەری لەسەر پۆستەكەی بكات، بەڵام ئەگەر دۆڕاندی ئەوكات ركابەری لەسەر پۆستی سەرۆكی پارتی پارێزگاران دروست دەبێت كە مای ناتوانێت تیایدا بەشدار بێت.

جیا لەو دوو بژارەی بەردەم مای، بژارەی سێیەم بریتییە لە بردنەوەی بە دەنگێكی كەم ئەو كات رەنگە خۆی بڕیاری لاچوون لە سەركردایەتی پارتەكەی بدات، بەو پێیەیش كە پارتی پارێزگاران گەورەترین پارتی ناو پەرلەمانی بەریتانیایە، ئەوە كەسەی سەركردایەتی دەكات دەبێتە سەرۆك وەزیران.

ئەگەر مای لە سەركرایەتی پارتی پارێزگاران كەوت، پێشبینی دەكرێت تا هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پارتەكە لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بمێنێتەوە، واتە لە پرۆسەیەك كە رەنگە شەش هەفتە بخایەنێت. ئەگەریش زیاتر لە كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی پارتەكە هەبوو، ئەوكات زنجیرەیەك پرۆسەی دەنگدان دەكرێت بۆ دیاریكردنی دزانیان و دوای ئەوە ئەندامانی ئەو پارتە دەنگ بە یەكێكیان دەدەن.  

بەڵام پێشبینی ناكرێت سەركردەیەكی نوێ بۆ پارتی پارێزگاران بەر لە كانوونی دووەم یان شوباتی داهاتوو دیاری بكرێت، ئەویەش مانای وایە بەریتانیا داوای كاتی زیاتر لە یەكێتی ئەوروپا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دەرچوون لە ئەكێتییەكە.

ئەمڕۆ چوارشەم مای بەر لە پرۆسەی دەنگدانەكە رای گەیاند كە ئەگەر ئەنجامی دەنگدانەكە لەناو پارتی پارێزگاران بە وەرگرتنەوەی متمانە كۆتایی هات، بە هەموو هێزێكییەوە بۆ پارێزگاریكردن لە پۆستەكەی دەجەنگێت، لەو كاتەی ئەگەر مای دۆڕاندی دەبێت دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەیش بكات لە پۆستەكەی. 

شارەزایانی بەریتانیا دەڵێن، دیارترین كاندیدان بۆ شوێنگرتنەوەی مای بریتین لە دۆمینیك راب وەزیری پێشوو و بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی پێشوو و ساجد جاوید، وەزیری ئێستەی ناوخۆی بەریتانیا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل