سلێمانی.. وەستانی چەند پڕۆژەیەك بەردەوامە

:: PM:11:15:12/12/2018 ‌

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی رای دەگەیەنێت كە ساڵی رابردوو وەستانی پڕۆژە لە سنوورەكە زۆر بوو، بەڵام ئەمساڵ پێنج پڕۆژە وەستاون و بەپێی رێنوێنییەكانیش لە حاڵەتی وەستانی هەر پڕۆژەیەك غەرامەی وەبەرهێنەرەكە دەكرێت.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی ئەو تەنگژە سەختە داراییەی لە چوار ساڵی رابردوو رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، كاریگەری سەرەكی لەسەر پڕۆژەكان كرد و بەوهۆیەوە پڕۆژەیەكی زۆر لە كاركردن وەستان.

زیاتر گوتی، ساڵی رابردوو وەستانی پڕۆژە تا رادەیەك زۆر بوو، بەڵام لە ئەمساڵ وەستانی پڕۆژەكان كەمبووەتەوە و پێنج پڕۆژەی وەبەرهێنانی سنوورەكە وەستاون، وەك وەبەرهێنان كاتێك مۆڵەتی وەبەرهێنانی پڕۆژەیەك دەدەین بە وەبەرهێنەرێك، ئەگەر پڕۆژەكەی وەستا، غەرامەی دەكەین.

سەعید روونی كردەوە، ئەو پڕۆژانەی كە راگیراون پڕۆژەی نیشتەجێبوون و فێركردنن، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ئومێدێكی زۆر هەیە نەك هەر وەستانی پڕۆژە نەمێنێت، بەڵكو دۆخێكی باشتر برەخسێت بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان و كاری وەبەرهێنان لە سنوورەكە.

شایەنی باسە بەپێی ئامارەكانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 80%ی پڕۆژەكان كاركردن تیایاندا راگیراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل