گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی راگیران

:: PM:11:33:12/12/2018 ‌

بەهۆی ناجێگیری كەشوهەوای ناوچەكە، ماوەی سێ رۆژە بۆ چەندین سەعات گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی رادەگیرێن و ئاسمانی شارەكە بە رووی گەشتیاران و فڕۆكەكەكان دادەخرێت.

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەمشەو بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە كەشوهەوای ناوچەكە لە بارە نییە و ماوە ماوە بەهۆی بوونی تەمێكی زۆر و ناجێگیری كەشوهەوا، گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی رادەگیرێن و بە رووی گەشتیاران و فڕۆكەی وڵاتات دادەخرێن.

زیاتر گوتی، بەهۆی ئەوەی ئێستە تەمێكی زۆر لە ئاسمانی سلێمانیدا هەیە، بەوهۆیەوە گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی تا سبەی سەعات 10 بەیانی راگیراون و هیچ گەشتێك ئەنجام نادرێت.

عەبدوڵا روونی كردەوە، كاتێك گەشتەكان بە هەر هۆكارێك رابگیرێن، ئەو گەشتیارانەی كە بلیتی گەشتیان بڕیووە و نەتوانن گەشتەكە ئەنجام بدەن، كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی پابەند كراون لە رۆژی دوای كردنەوەی فڕۆكەخانە و دەست پێكردنەوەی گەشتەكان، قەرەبووی گەشتیاران بكەنەوە بە ئەنجامدانی گەشتەكانیان.

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دووپاتی كردەوە، بەهۆی وەستانی فڕۆكەخانەوە، ئەمشەو چەندین گەشت هەبوو كە دەبوو ئەنجام بدرێن بۆ دوبەی و قەتەر و ئوردن، وەستێنراون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل