وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیارێكی نوێی دەركرد

:: AM:09:15:13/12/2018 ‌
ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی نوێ‌ لەسەر خەرجی فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەردەكات و ئاشكرای دەكات كە هەموو خەرجییەكان دەوەستێت جگە لە مووچەی فەرمانبەران نەبێت.

بەگوێرەی بڕیارێكی ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە دوێنێ‌ واژووی لەسەر كردووە ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاو بۆتەوە، تێیدا هاتووە، بەهۆی نزیكبوونەوە لە كۆتایی ساڵی 2018، بڕیار دراوە بە راگرتنی گشت خەرجییەكان لە 16/12/2018 بۆ ساڵی 2018 جگە لە مووچە و پێشینەی خەرجكراوی مانگانە و كرێیەكانی مانگانە و خاوێنكردنەوە و خواردن.

لە بڕیارەكەی وەزیری دارایی و ئابووری هاتووە، راگرتنی تەمویلكردنی تایبەت بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان لە 25/12/2018 دەبێت، هەروەها راگرتنی زیادكردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە بۆ فەرمانگەكان.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە ئێستە مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت و لەو هەفتەیە وەزیری دارایی گوتی، مووچەی سێ‌ مانگی ئەمساڵیش پاشەكەوت ناكرێت و بە مووچەخۆران دەدرێت.





وشە - رامیار جەواد