گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆتە جێگەی ترسی هاندەرانی یانەكەی بەهۆی ئەوەی رەنگە نەتوانێ لە یارییەكانی مۆندیالی یانەكان یاری بكات كە دوێنێ چوارشەم بەفەرمی لە وڵاتی ئیماڕات دەستی پێ كرد.
شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداریی یانەی سیسكا مۆسكۆی رووسی كرد و یارییەكەشی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام دۆڕاند.
لە یارییەكەدا بێڵ تووشی پێكان و ئازاری گۆزینگی قاچی چەپی بووەوە، بەڵام سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری یانەی ریال مەدرید نەیهێنایە دەرەوە و لە یاریپێكردنی بەردەوام بوو، هەرچەندە 3 گۆڕانكاریی تیپەكەی تەواو نەكردبوو.
رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: بێڵ پێكانی لە گۆزینگی قاچی چەپی بۆ دروست بووە و بەهۆیەوە وەك پێویست لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی سیسكا مۆسكۆ ئاستێكی باشی پێشكەش نەكرد.
رۆژنامەكە نەشی شاردەوە كە مەترسی هەیە بێڵ نەتوانێ لە یارییەكان مۆندیالی یانەكان بەشدار بێت كە رۆژی چوارشەمی هەفتەی داهاتوو یانەی ریال مەدرید یەكەم یاری تێدا ئەنجام دەدات.
ركابەری مۆندیالی یانەكان دوێنێ چوارشەم دەستی پێ كرد و لە یەكەم یارییدا یانەی عەینی ئیماڕاتی بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە و بە ئەنجامی 4-3 گۆڵ لە یانەی ویلنگتۆنی نیوزلەندی بردەوە دوای ئەوەی لە كاتی ئاساییدا هەردوولا بە ئەنجامی 1-1 یەكسان ببوو.
بڕیاریشە رۆژی چوارشەمی هەفتەی داهاتوو یانەی ریال مەدرید لە قۆناغی پێش كۆتاییدا رووبەڕووبەڕووی براوەی یارییەكەی نێوان كاشیما ئینتلەرزی ژاپۆنی و دیپۆرتیڤۆ گوادالاخارای مەكسیكی ببێتەوە.