ئەو شەپۆلە لە سەرما و بارانەی رووی لە كوردستان كردبوو، لە 24 سەعاتی داهاتوو كۆتایی پێ دێت و بۆ سبەی هەینی كەشەكە هێمنتر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم ئاسمانی زۆربەی ناوچەكانی كوردستان باراناوییە. لە هەولێر لە ناوچە شاخاوییەكان بارانی زیاتر دەبارێت و لە لووتكەی چیاكانیش بارین لە شێوەی بەفر دەبێت.
لە سلێمانی ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و لە هەندێك كاتی جیاواز لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر و باران دەبارێت.
لە دهۆك ئاسمان هەورە و بەلێزمە باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەكانیش پێشبینی بارینی بەفر دەكرێت و لە كەركووكیش پێشبینی نمەباران لە ئارادایە.
بۆ سبەی هەینی كەشەكە هێدی دەبێتەوە و لە زۆربەی كاتەكاندا ئاسمانی كوردستان نیمچەهەور دەبێت. نزمترین پلەی گەرمی لە سلێمانی بە چوار پلەی سیلیزی تۆمار دەكرێ و بەرزترین پلەی گەرمیش لە كەركووك بە 19 پلە تۆمار دەكرێت.
لە 24 سەعاتی رابردوودا زۆرترین باران لە سەرسنگ باریوە كە بریتی بووە لە 72 ملم و كۆی بارانی ئەمساڵ لەو ناوچەیەی بۆ 629 ملم بەرز كردەوە. هاوكات لە دێرەلووكیش 50 ملم باریوە. تا ئێستە لە دینارتە زۆرترین باران باریوە و كۆی بارانی ئەمساڵی گەیشتووەتە نزیكەی 700 ملم.
لە هەولێر 287 ملم، لە سلێمانی 380 ملم، لە كەركووك 206 ملم، لە دهۆك 382 ملم و لە هەڵەبجەش 335 ملم باریوە.