چەندان ئاهەنگی جۆراوجۆر بۆ سەری ساڵ لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچن

:: AM:11:20:13/12/2018 ‌
بەرپرسێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بۆ سەری ساڵ ئامادەكاری باش كراوە بۆ هێنانی گەشتیار لە ڕێی كۆمپانیاكان بۆ هەرێمی كوردستان و هۆتێلەكانیش ئاگەدار كراونەتەوە لە جوانكاریكردن بۆ شوێنەكانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی كانوونی یەكەم، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ سەری ساڵ بۆ هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان  و بەڕێوەچوونی شەوە ئاهەنگ.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، زیاتر گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دێن بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ خاوەن كۆمپانیاكان كۆبوونەوەمان كردووە كە زۆرترین ڕێژەی گەشتیار بهێنن بۆ ئەوەیش هەموو كارئاسانییەكیان بۆ دەكەین.

ئاشكرای كرد، لەگەڵ بەرپرسانی هۆتێلەكان و چێشتخانەكان كۆ بووینەتەوە داوامان لێ كردوون ڕازاندنەوە بكەن بۆ شوێنەكانیان بۆ ئەو مەبەستەیش ئەوانیش هەموو ئامادەییەكیان نیشان داوە.

ئەنجامدانی ئاهەنگی كراوە بۆ هەموو هاووڵاتییان لە هەر چوار پارێزگاكە و ئیدارەی گەرمیان، كاری لەسەر دەكرێت و لە داهاتوودا وردەكاری زیاتری لەسەر دەخەینە ڕوو تا هەموو هاووڵاتییان لەو شەوە بەشداری بكەن بەبێ‌ هیچ بەرانبەرێك. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وای گوت.

ساڵانە لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكان چەندان هەزار گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەپێی پلانی گەشتوگوزاریش ئەو ڕێژەیە بەرز دەكرێتەوە بۆ دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو.



وشە - رامیار جەواد