ئیفلین بیریزین ژنە داهێنەری چاپی ئەلیكترۆنی لە تەمەنی 93 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، دوای ئەوەی ساڵی 1971 چاپی ئەلیكترۆنی داهێنا و بەناوی سكرتێری زانیارییەكان ناساندی.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر،
ئیفلین لە تەمەنی 93 ساڵی كۆچی دوایی كرد، نئەو ساڵی 1971 چاپی ئەلیكترۆنی داهێنا كە دواتر كۆمپانیای ریداكترون پەرەی بە داهێنانەكە دا و ژمارەی بەكارهێنەرانیشی زیادی كرد. دواتر گۆڤاری بیزنز ویك بە یەكێك لە ژنە داهێنەرەكانی ئەمەریكای ناساند لە ساڵی 1976.
ئیفلین تەنانەت داهێنەری یەكێك لە سیستەمەكانی فڕۆكەش بووە، كاتێك لە رێی كۆمپیوتەرەوە سیستەمی بڕینی پلیتی فڕۆكەی داهێنا و كۆمپانیای یونایتید ئێرلاینز ساڵی 1962 بەكاری هێنا.
داهێنانەكەی چاپی ئەلیكترۆنی بۆ ماوەی 11 ساڵ لەسەر ئاستی دنیا كاری پێ كرا بێ هیچ كەموكوڕی و پەككەوتنێك لە سیستەمە ناوەندییەكەی، هەر خۆی پاشان كاری لەسەر سیستەمی بانكی ئەلیكترۆنی كرد و پێشی خست.
ئیفلین لە دیمانەیەكدا ساڵی 2015 دەڵێ لە دەیەی شەستەكانی سەدەی رابردوو، پڕۆژەیەكی تایبەتی هەبووە، بیرۆكەی پێشخستنی چاپیش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە پێویستی بە پارە هەبووە دوای ئەوەی هەستی كردووە ئەو كارەی هەیەتی لە دەستی دەدات.
ئیفلین دواتر كۆمپانیای بیریزینی تایبەت بە چاپی ئەلیكترۆنی دامەزراند، قەبارەی چاپەكەش بەرزییەكەی یەك مەتر بوو، لەگەڵ كیبۆردێك كە بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەینووسی و پاشان چاكی دەكرد، تەنانەت توانای تۆماركردنی ئەوەیشی هەبوو كە بەكارهێنەر دەیویست لە كاتێكی تر دەستكاری بكاتەوە.
دواتر كۆمپانیا ركابەرەكانی بیریزینی هەمان ئامێریان دروست كرد، بەڵام شاشەیان بۆ زیاد كرد كە لەوەی ئەو نەبوو، پاشان بیریزینیش شاشەی بۆ ئامێرەكەی زیاد كرد و خواستێكی زۆریشی لەسەر هەبوو، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی دەیەی حەفتاكانی سەدەی رابردوو گورزێكی كوشندەی لە كۆمپانیایەكە دا و كڕیارانی رووی لە كزی كرد، ئەوان لە بڕی كڕینی ئامێرەكە، هەڵدەستان بە بەكرێ گرتنی، دواجار ئیفلین بڕیاری فرۆشتنی كۆمپانیاكەی دا.
ئیفلین لەمدواییەی تەمەنیدا دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجە بوو، ئەو رەتی كردەوە چارەسەری پزیشكی دژ بە شێرپەنجە وەربگرێت و لە هەشتی ئەم مانگە لە مانهاتن گیانیكۆچی دوایی كرد.