مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نادیە موراد كرد و هیوای خواست توانای خۆی بەكار بهێنێت بۆ گەیاندنی نەهامەتی ئێزیدییەكان.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی كانوونی یەكەم، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە نادیە موراد وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی.
لەو دیدارەدا مەسروور بارزانی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی پیرۆزبایی لە نادیە موراد كرد و هیوای خواست توانای خۆی بەكار بهێنێت بۆ گەیاندنی نەهاماتیی ئێزیدییەكان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ساڕێژكردنی برینەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاواكاری بۆ دەڤەرەكە.
هەروەها بۆچوونی خۆی لەمەڕ پاراستن و رۆڵی ئێزیدییان وەك بەشێكی رەسەن و دانەبڕاو لە گەلی كوردستان لە چوارچێوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە خستەڕوو، ئاماژەی بەوە دا بە هاوكاری لایەنە فەرمییە پێوەندارەكان كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و كردنەوەی رێیەكان دەكەین لەپێناو خزمەتی زیاتری ئەو دەڤەرە.
لەلای خۆیەوە نادیە موراد وێڕای سوپاسكردنی مەسروور بارزانی بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە و بەهاناچوونەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستن و یارمەتیدانی ئێزیدییان، دووپاتی كردەوە، كە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات نەهامەتی ئێزیدییان بە گشتی و كچ و ژنانی رزگاربووی دەستی داعش بخاتە بەردەم سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەسزاگەیاندنی تیرۆریستانی داعش.