هەرچەندە لەبەشی هەرە زۆری یارییەكاندا لەسەر كورسی یەدەگ هێشتوویەتییەوە، بەڵام یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئامادە نییە دەستبەرداریی یاسپەر سیلیسینی گۆڵپارێزی هۆڵەندی بێت.
سیلیسین پێرێ سێشەم لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بەشداریی لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی كرد و ئاستێكی ناوازەشی پێشكەش كرد و گۆڵی تیپەكەی لە چەندان گۆڵی تەواو رزگار كرد، ئەمە لە كاتێكدا كە هەردوو یانەكە بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوون.
رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە پێیوایە كە سیلیسین بۆ فرۆشتن نییە و بەیەكەوە لەگەڵ مارك ئەندرێ تیر شتینگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی بەباشترین شێوە دەتوانن گۆڵی یانەكەیان بپارێزن.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی بەرشەلۆنە تەنیا بەیەك مەرج دەستبەرداری سیلیسینی تەمەن 29 ساڵ دەبێت ئەگەر یانەیەك هەبێت پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیان پێ بدات كە 60 ملیۆن یۆرۆ خەملێنراوە.
لای خۆیەوە ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دڵخۆشی خۆی بە ئاستی سیلیسین دەربڕی بوو لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی تۆتنهام و راستەوخۆ داواشی لە بەرپرسانی یانەكەی كردبوو رێگە نەدەن بڕوات.