ڕێكخراوی كوردستان فۆتۆ به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی وێنه‌ی ڕه‌ش و سپییه‌وه چالاكی هونه‌ری و فۆتۆیی ئه‌نجام دا و یادی ئه‌و ڕۆژه به شێوه‌یه‌كی گونجاو كرایه‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 13ی كانوونی یه‌كه‌م، شێرزاد ڕه‌سووڵ سه‌رۆكی رێكخراوی كوردستان فۆتۆ به "وشه"ی راگه‌یاند: له یادی ڕۆژی جیهانیی وێنه‌ی ره‌ش و سپی، چالاكییه‌كی جیاواز له ژێر ناوی جوانییه‌كان به سپی و تاریكییه‌كان به ڕه‌ش ده‌نه‌خشێنین، له ده‌سپێكی یاده‌كه‌دا باسمان له مێژووی ئه‌و ڕۆژه كرد كه له سه‌ده‌یه‌كدا دووباره نابێته‌وه و به ڕۆژی وێنه‌ی ڕه‌ش و سپی دیاری كراوه وه‌ك ڕۆژێكی جیهانی بۆ دیاریكردنی جوانییه‌كانی زه‌مه‌نێك كه وێنه به زنجیره‌یه‌ك كارلێككردنی كیمیایی تێپه‌ڕ ده‌بوو .
هه‌ر له‌و یاده‌دا فۆتۆگرافه‌ری دێرینی شاری هه‌ولێر دكتۆر جه‌نگیز محه‌مه‌د په‌یڤێكی پێشكه‌ش كرد و باسی مێژووی فۆتۆگرافی كرد له شاری هه‌ولێر، ئینجا چه‌ند وێنه‌یه‌كی شاری هه‌ولێری نمایش كرد كه خۆی له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كان تا سه‌ره‌تای حه‌فتاكان گرتوونی، دواتر له لایه‌ن ڕێكخراوه‌كه‌مان ڕێز له دكتۆر جه‌نگیز گیرا و تابلۆكانی پێشكه‌شی مۆزه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر كرد تا وه‌ك پێشانگایه‌ك به به‌رده‌وامی بمێنێته‌وه.
یه‌كه‌م جاره ئه‌و یاده له كوردستان ده‌كرێته‌وه و پێشانگه‌ی وێنه‌ی جارانی هه‌ولێر به هاوێنه‌ی دكتۆر جه‌نگیز محه‌مه‌د نمایش ده‌كرێت و سیمیناری ناساندنی شێوازی فۆتۆی ڕه‌ش و سپی تێدا ساز بكرێت.
وشه/ شاخه‌وان شێخانی