دوای ئه‌وه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌واڵێك بڵاو بووه‌وه كه گوایه له لایه‌ن به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پارچه زه‌وی له شاره‌كانی دهۆك و هه‌ولێر به هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كان دراوه، به‌شێك له‌و كه‌سایه‌تییانه ڕوونكردنه‌وه‌یان دا.
له هه‌واڵه‌كه‌دا باس كراوه، گوایه ئه‌م پارچه زه‌وییانه به ناوی پڕۆژه‌ی هونه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌وه به ده‌یان هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس و پێشكه‌شكار به‌خشراون، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام هه‌موویان زه‌وییه‌كانیان فرۆشتووه و بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی به‌كاریان هێناوه، ته‌نیا دووانیان نه‌بێت كه پڕۆژه‌كه‌یان جێبه‌جێ كردووه.
له‌مباره‌یه‌شه‌وه، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك له‌وانه بۆ "وشه" ڕوونكردنه‌وه‌یان دا و هه‌واڵه‌كه‌یان به درۆ خسته‌وه، كه ئه‌مانه‌ن:
"دلێر گه‌رمیانی" گوتی: ده‌بێت ئه‌و جۆره هه‌واڵانه به ئاسایی وه‌رگرین، چونكه ته‌نیا بۆ ناوزڕانی لایه‌نێك بڵاو بووه‌ته‌وه و كێشه‌ی سیاسیی كوردستانیان به ئێمه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه، چونكه ئێمه دانیشتوو و هاووڵاتیی شاری هه‌ولێرین بۆیه ئه‌و شتانه‌مان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت، ده‌نا هه‌واڵه‌كان دوورن له ڕاستییه‌وه، ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێت با یه‌كێك بێت و به‌ڵگه و دیكۆمێنت بێنێت و بڵاوی بكاته‌وه، بێ منه‌تم له هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌كیش كه بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه.
"كه‌ریم گوڵانی" گۆرانیبێژ كه یه‌كه‌م ناوه له لیسته‌كه‌دا ده‌ڵێت: كه‌سێك بڵاوی كردووه‌ته‌وه گوایه من دوو هه‌زار مه‌تر زه‌ویم وه‌رگرتووه، ده‌ی من به‌ڵێنی پێ ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی ڕاست و دروستی هێنا، كه من ئه‌و زه‌وییه‌م وه‌رگرتبێت و فرۆشتبێتمه‌وه، به‌ڵێن بێ هه‌زار و 750 مه‌تر زه‌وی پێ ده‌به‌خشم و ده‌ستیشی ماچ ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌واڵه‌كه دووره له ڕاستییه‌وه، ته‌نیا وه‌ك هه‌ر كوردستانییه‌كی تر و هونه‌رمه‌ندانی تر 535 مه‌تر زه‌ویم وه‌رگرتووه و كردوومه به هۆڵی ئاهه‌نگگێڕان و خزمه‌تی خه‌ڵكی پێ ده‌كه‌م، ، كرێكه‌یشی ساڵانه ده‌ده‌م، واته هه‌ر كات شاره‌وانی بیه‌وێت، ده‌توانێت لێم وه‌ربگرێته‌وه.
له بڵاوكراوه‌كه‌دا ناوی ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و ڕۆشنبیران هاتووه، به‌ڵام به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی ناویان هاتووه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و هه‌واڵه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه گوایه به ڕووبه‌ری 500 تا 1000 مه‌تر زیاتر زه‌وییان وه‌رگرتووه.
وشه/ شاخه‌وان شێخانی