نرخی خانووبەرە لە كوردستان بەرز دەبێتەوە

:: PM:03:40:13/12/2018 ‌

دوای سەردانی بارزانی بۆ بەغدا و زیادكردنی پشكی كوردستان لە بودجەی 2019، بازاڕی خانووبەرە لە كوردستان نرخەكانی هەڵدەكشێ و جووڵەی تێدەكەوێت. كاسبكارانی ئەو بازاڕە لە شارەكانی كوردستان كۆكن لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ، كەمترین بەرزبوونەوە لە دهۆكە و زۆرترین لە هەولێرە.

سەردار ئازاد بەڕێوەبەری كۆمپانیای خانووبەرە دەڵێ، لە ناوچەی زێڕینی هەولێر كە لە شاری ئیتاڵی یەك كە دەكەوێتە نێوان شەقامی بازنەیی 100 مەتری بۆ 40 مەتری لە ریزی پاركی سامی عەبدولڕەحمان تا دەگات بە شەقامی سەرەكی هەولێر عەنكاوە، خانووبەرە لە پێنج هەزار دۆلار تا 10 هەزار دۆلار بەرەو ژوور گران بووە.

"لەوێوە بۆ رێی سەرەكی هەولێر كۆیە، بەرز بوونەوە هەیە بەڵام بەو رێژەی كەمتر". سەردار وا دەڵێ. ئەو لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی، لە پۆستێكدا دەنووسێ خانوویەك لە هەولێر بە حەوت ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە بازاڕی خانووبەرە لە هەولێر و تەواوی كوردستان وابەستە بووە بە هەواڵی سیاسی و ئابووری، بۆیە شاراوە نییە باشتربوونی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا هەروەها زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا لێكەوتەی ئەرێنی بەسەر بازاڕی خانووبەرە داناوە و بازاڕەكە جووڵەی تێ كەوتووە و كڕین و فرۆشتن زیادیان كردووە.

یوسف شێخ محەمەد كاسبكارێكی كڕین و فرۆشتنی زەوییە لە ناوچەی زەوییەكانی هەشتی حەسارۆكان "نێوانی رێی سەرەكی هەولێر- كۆیە تا دەگات بە رێی هەولێر- بنەسڵاوە"، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی بارزانی، زەوییەكانی هەشتی حەسارۆكان زیاتر لە شەش هەزار دۆلار نرخەكانیان بەرز بووەتەوە و لە 30 هەزار دۆلار بووە بە 36 تا 38 هەزار دۆلار.

پێوەند بە بازاڕی خانووبەرە لە سلێمانی، شوان حەمەسوور خاوەنی كۆمپانیای ڕایان بۆ كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەڵێ، ئەگەر بەراوردێك لە نێوان مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری ئەمساڵ و ساڵی رابردوو بكەین، بەپێی ئەو گرێبەستانەی كڕین و فرۆشتن لە كۆمپانیاكەمان كراوە، مانگی رابردوو 37 گرێبەتسی فرۆشتن و 23 بەكرێدان هەبووە، بەڵام هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو 11 فرۆشتن تۆمار كراوە.

"لە ماوەی ساڵی رابردوو تا ئێستە بە رێژەی %9 بۆ %28 نرخی خانووبەرە بەرز بووەتەوە، هۆكاری بەرزبوونەوەكەش هەبوونی هەواڵی خۆش و نەمانی شەڕ و مەترسییەكانی حەشدی شەعبییە كە ساڵی ڕابردوو زۆرترین دەنگۆ لەسەر لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەبوو، ئێستە زۆرترین هەواڵ لەسەر بەهێزبوونەوە و باشتربوونی دۆخی ئابووری كوردستان هەیە". شوان حەمەسوور وا دەڵێ. ئەوەشی خستەڕوو ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتر نرخی خانووبەرە دەكرێت بەتایبەت دوای پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و هەوڵەكانی دامەزراندنی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
 
لە دهۆك كاسبكارانی خانووبەرە ئاماژە بەوە دەدەن كە گۆڕانكارییەكی گەورە لە نرخی خانووبەرە رووی نەداوە، ئەوەی هەیە لە بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە زیاتر لە دەرەوەی دهۆكە بەهۆی هەرزانی نرخەكانیان.

قاهر سەرگەڵی خاوەن نووسینگەی خانووبەرەی هەوار بۆ "وشە" قسەی كردووە دەڵێ، لە ناو سەنتەری شاری دهۆك جووڵەیەكی زۆری كڕین و فرۆشتن بەسەر نرخی خانووبەرە نەهاتووە، بەڵام لە ناوچەی فایدە كە دەكەوێتە دەوروبەری دهۆك، نرخ بەرز بووەتەوە.

گوتی "لەناو دهۆك پێشتریش نرخەكان زۆر گران بوون لەگەڵ ئەوەی تەنگژەی دارایی هەبوو، بەڵام نرخ زۆر دانەبەزی، بۆیە جۆرێك لە وەستان هەیە لە كڕین و فرۆشتن".

مەهدی حامد خاوەنی خانووبەرەی برایەتی لە دهۆك، پشتڕاستی قسەكانی قاهر دەكات، دەڵێ بە گشتی لە دەوروبەری دهۆك دوو تا سێ هەزار نرخی زەوی بەرز بووەتەوە.

زیاتر گوتی "سەردانەكەی بارزانی و زیادكردنی پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق جووڵەی لە بازاڕی خانووبەرە لە دهۆك كردووە، بەڵام وەك هەولێر نییە، چونكە پێشتریش لە كاتی تەنگژەكەدا نرخەكان هێندە لە دهۆك دانەبەزی وەك ئەوەی لە هەولێر رووی دا كە زەوی هەبوو 70% نرخەكەی دابەزی، بۆیە لەكاتی بەرزبوونەوەشدا بە هەمانشێوە وەك هەولێر بەو بڕە زۆرە زیاد ناكات".

سەردار ئازاد باس لە جووڵەی كڕین و فرۆشتن لەسەر ئاستی كوردستان دەكات و دەڵێ، هەمیشە لە مانگی حوزەیران تا مانگی شوباتی ساڵی نوێ، نرخەكان لە بەرزبوونەوە دەبن، بەڵام چاوەڕێ دەكرێ لە مانگی شوباتی ساڵی دادێ جۆرێك لە وەستان یان دابەزین لە نرخەكانی خانووبەرە روو بدات.

عەبدوڵا سەعید پسپۆڕی بواری ئابووری ئاشكرای دەكات، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی خانوو و زەوی پێوەندی زیاتر بە دۆخە ئابووریی و سیاسییەكان هەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئێستە دۆخە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەلێكە بۆ ئەوەی جارێكی تر نرخەكان ڕوو لە هەڵكشان بكەنەوە.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە بۆ "وشە" گوتی، گۆڕانكاری و بەرزبوونەوەی نرخەكان ئێستە دەستی پێ‌ كردووە، بەڵام كاتی بۆنە گەورەكە نییە، چونكە بۆنە گەورەكە و جەژنی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە ئەمساڵ دیارە لە هەرێمی كوردستان كەی دەست پێ‌ دەكات.

بەهاری ئەمساڵ و هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، ئەوا دەستپێكی بووژانەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت و گۆڕانكارییەكانیش زۆر خێراتر دەبێت ئەگەر هیچ ڕووداوێكی شەڕ نەیەتە پێشەوە. ئەو پسپۆڕە ئابوورییە وای گوت.

فەرمان سادق- رامیار جەواد



وشە - فه‌رمان سادق